لە رانییە ئافرەتێک پێش ئەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، کەسوکارەکەی پەلاماری چەند کارمەندانێکی تەندروستی نەخۆشخانەکە دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند،"ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر ١ ی دوای نیوەڕۆ ئافرەتێکی تەمەن ٤٩ ساڵ دوای گەیاندنی بۆ بەشی فریاکەوتن لەنەخۆشخانەی گشتی ڕانیە و بینینی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و ستافی تەندروستی و ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستیەکان، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت ئەو ئافرەتە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
تەندروستی رانییە ئەوەش دەخاتەڕوو "بەداخەوە کەسوکارەکەشی لەدەرەنجامی ئەو حاڵەتەدا هەندێک هەڵسوکەوتی نەشیاویان بەرامبەر ستافی نەخۆشخانەکە ئەنجامداوە و پەلاماری چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەکەیانداوە و تەنانەت زیانیان گەیاندوە بەبەشێک لەپێداویستیەکانی ناو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە."
هەروەها هاتووە " داوا لەهاوڵاتیانی ئازیز دەکەین کە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی سەرەڕای خراپی دۆخی دارایی و دواکەوتنی موچەکانیان شەو و ڕۆژ لەخزمەتی هاوڵاتیان بەردەوامن و پێویستە ڕێز لەماندوبونیان بگرین، نەوەک کاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجامبدرێت. هیواخوازین کۆچکردوش بەبەهەشتی بەرین شادبکات و سەبوری خانە وادەکەشیان بدات."