نزیکەی ٢٠ هەزار کارمەندی تەندروستی لە سلێمانی‌و راپەڕین‌و گەرمیان دەستیان بەبایکۆت دەوام کرد

ئەمڕۆ نزیکەی ٢٠ هەزار کارمەندی تەندروستی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین چوونە پاڵ پزیشکە نیشتەج و خولاوەکانەوەو، دەستیان بە بایکۆتی دەوامکردن لەسەرجەم فەرمانگە تەندروستییەکان کرد، تەنها ئەو بوارە نەبێت کە پەیوەندی بە نەخۆشی کۆرناوە هەیە.

 
هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بە " سپی " راگەیاند " هەوڵی زۆرمان دا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێم کە نەگەینە ئەم قۆناغەو مووچەمان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبوو، ئێمەش چیتر لەمە زیاتر ناتوانین بەردەوام بین و بڕیاریمان دا بایکۆتکردنی دەواممان لەسەرجەم فەرمانگەکانی تەندروستی دا رابگەیەنین، جگە لەو نەخۆشخانەو کەرتانەی پەیوەندیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە".( ئەوانەی بڕیاری بایکۆتکردنیان داوە نزیکەی ٢٠ هەزار کارمەندی بەشە جیاجیاکان دەبن).

 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای تەندروستی ئاشکرای کرد کە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین  ١٩٢ کارمەندو پزیشکمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.


ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەو هەموو ئەرکە قورسەی لەسەریانە مووچەکەشیان پێ رەوا نابینن، بەڵام لەلای حکومەتی عێراق، کارمەندو پزیشک زەویان پێدەدەن و بەخشینیان دەدەنێ و ( قدەمیان ) بۆ دەکەن.


بە مانگرتنی ئەم ٢٠ هەزارە لە کارمەندانی تەندروستی و زیاتر لە ٨٠٠ پزیشکی نیشتەجێ و خوولاو دامەزراوەی تەندروستی پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان تووشی شەلەلی تەواو راوەستان بۆتەوە، تەنها بەشی کۆرۆنا ماوە کارەکانی نەوەستاون.

 


PM:03:05:15/06/2020