بڕیارە سبەینێ شەممە لیژنەى باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانى کۆببێتەوە.
د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگهیاند" سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست بۆ بارودۆخی ئێستای تەندروستی دەردەکەن، بەڵام قەدەغەی ھاتووچۆی تەواوەتی ڕاناگەیەندرێت، بەڵکو ھەر شوێنێک ببێتە ھۆی درووست بوونی قەرەباڵغی و مەترسی ھەبێت بۆ تەندروستی گشتی دادەخرێت".
وتیشی" ئەو شوێنانەی بڕیار لەسەر داخستنیان دەدرێت، بریتین لە مزگەتەکان، یانەکان، رێستۆرانتەکان و ئەو شوێنانەی دەبنە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی".
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی دواین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٠٤٥ کەس تووشی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیەش ١٢١٧ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٨٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.