د. یاد نەقشبەندی دوای تووشبوونی بە كۆرۆنا پەیامێكی بڵاوكردەوە

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت" لە ئێستادا هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و نیشانەی هەیە، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە".

 

د. یاد نەقشبەندی، وتەبیژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبوك" ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند" راستە لە ئێستادا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنام، لە ئێستادا نیشانەم هەیە بەڵام باری تەندروستیم جێگیرە، هیوادارم هاوکارمبن بۆ ئەوەی بەردەوامبم لەخزمەت و گەیاندنی راستیەکان وەک ئەوەی بەڵێنمان پێدابون شەفاف بین سەلماندوشمانە".

 

هاوکات هەر لە پایامەکەیدا د. یاد نەقشبەندی داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە پابەندی رێنمایە تەندروستیەکان بن، بەگشتی ئەو کەسانەی توشبون لەماڵەکانیان نەیەنەدەرەوە لە پێناو پاراستنی خۆشەویستانیان.

 

هەروەها هۆشداری دەدات لە تەشەنەی بەربڵاوی كۆرۆنا و نوسیویەتی" هاوڵاتیانی خۆشەویست، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا تەنها لەکۆڵان و ماڵەکان نیە، بەڵکو لەناو نەخۆشخانەکانیش بڵاو بوەتەوە، بۆیە داواتان لێ دەکەم زۆر پێویست نەبێت سەردانی نەخۆشخانە و کلینیکەکان مەکەن".

 

لە بەشیکی تری قسەکانیدا پەیامێک ئاراستەی میدیاكاران دەکات و هیوای خواستووە" پارێز راو بن و پابەندی رێنمایەتەندروستی و پرەنسیپە ئاکاریەکانی رۆژنامەنوسی بن و تەندروستی تێکەڵ بە هیچ کایەیەک نەکەن".

 

لە كۆتایی بڵاوكراوەكەیدا یاد نەقشبەندی پەیامێكی ئاراستەی هاوپیشەكانی كردوە و دڵنیایان دەكاتەوە لە باری تەندروستی خۆی، لەوبارەیەوە دەڵێت" هاوپیشە و هاوکارانم باری تەندروستیم باشەو سوپاسی لوتفی یەک بەکەکتان دەکەم، بەردەوام دەبین و سەردەکەوین بەسەرکۆرۆنادا بەپابەندبون و پشتیوان خودای گەورە، هیوای سەلامەتی و تەندروستیەکی باش بۆ هەموان".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە عه‌بدوڵا گۆران، جێگری وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، د.یاد نه‌قشبه‌ندی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری تەندروستیدایە، باری ته‌ندروستی جێگیره‌، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر كاری خۆی، به‌ڵام جیاواز له‌ جاران له‌ پێناوی پاراستنی خه‌ڵكی.

 
 
هەر ئەم هەفتەیەش د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.

 
 
 


PM:07:41:24/06/2020