زیاتر لە پێنج هەزار دەروێش لە ئێرانەوە بەڕێکەوتوون بۆ سلێمانی و دەروازەی باشماخیان شکاند

بەمەبەستی پێشوازیكردن لە تەرمی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی زیاتر لە پێنج هەزار دەروێش لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێ پشكنینی كۆرۆنا هاتنە ناو خاکی هەرێمی كوردستان و دەروازەی باشماخیان شکاند. 

 

هونەر عومەر فۆتۆگرافەر بە ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیاند" کاتژمێر ٢:١٥ خولەک زیاتر لە پێنج هەزار دەروێش لەرۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە سنوری باشماخەوە هاتوونەتە ناو قەزای پێنجوێن بەبێ پشكنین داخڵ بوون، لەدیوی ئێران تەقەیان لێكرا و برینداریشیان هەیە، بنەماڵەی شێخ محەمەد كەسنەزانیش كەسیان نەهاتوون بۆ پێشوازییان، بەڵكو ئەو دەروێشانە بەشێوەی سەربەخۆ هاتوون".

 

وتیشی" ئەو دەروێشانە هەوڵیانداوە بەشێوەیەكی نایاسایی بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە رووبەرووی هێزەكانی ئاسایش بونەتەوە و هێرشیانكردوەتە سەریان".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی هەینی، تەرمی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریمی كەسنەزان، موریدی تەریقەتی قادری لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بگەڕێندرێتەوە، هاوکات لە ڕاگەیەندروێکدا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانیش ڕایگەیاند" رێگە نادرێت كۆبوونەوە و مەراسیم لە ناو فڕۆكەخانە بكرێت". 

 

سەرەتای ئەم هەفتەیە، شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریمی كەسنەزان، موریدی تەریقەتی قادری بەهۆی نەخۆشیەوە لە وڵاتی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد و دواتر كوڕەكەی وەك شوێنگرەوەی دیاریكرا.

 
 


PM:03:30:09/07/2020