کەنەکە: بەرخۆدانی هەفتانین بەرخۆدانی هەموو گەلی کوردستانە

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدانی هەفتانین دووپاتدەکاتەوە و داواش لە خەڵکی کوردستان بە هەموو توێژەکانیەوە دەکات، پشتگیریی لە بەرخۆدانی هەفتانین بکەن.

دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، نەتەوەی كورد سەدان ساڵە ژێردەستەیە و دەیان جار هەوڵی پاكتاوكردن و لەناوبردنی دراوە و بەردەوام هەبوونی لەژێر هەڕەشەدا بووە و نكوڵیی لە زمان و كلتورو ناسنامەی كراوە وبۆیە تەنیا شتێك كە هێشتوویەتیەوە رۆحی بەرخۆدان و بەرگریی بووە.

 

دەشڵێت" ئێمە بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی بەرخۆدانی هەفتانین و هەموو دەڤەرەكانی دی ئەكەین و ئەو بەرخۆدان و تێكۆشانە بە بەشێك لە ئەركی نەتەوەیی خۆمان ئەزانین و سڵاوی گەرمی تێكۆشان بۆ هەموو بەرخۆدەران و بەرگرییكاران ئەنێرین". 


ڕاشیگەیاندووە" بەرخۆدانی هەفتانین بەرخۆدانی هەموو گەلی كوردستانە". 

دەقی راگەیاندراوەكەی كەنەكە:

 

بەرخۆدانی هەفتانین بەرخۆدانی هەموو گەلی كوردستانە

 

نەتەوەی كورد سەدان ساڵە ژێردەستەیە. دەیان جار هەوڵی پاكتاوكردن و لەناوبردنی دراوە. بەردەوام هەبوونی لەژێر هەڕەشەدا بووە. نكوڵیی لە زمان و كلتورو ناسنامەی كراوە. تەنیا شتێك كە هێشتوویەتیەوە رۆحی بەرخۆدان و بەرگریی بووە. ئەم هەستی بەرخۆدانە بە رەگ و ریشەی خەڵكی كوردستاندا رۆچووە. ئەوە هەلەیە گەر بڵێین تەنیا چیاكانی كوردستان كوردیان پاراستووە. ئەوەی كوردی پاراستووە، بەردەوام گیانی بەرخۆدان بووە. كورد لە چیاو دەشت و بیابانیش هەر بە گیانی بەرخۆدان خۆی پاراستووەو و درێژەی بە مانەوەو بوونی ئیتنیكی خۆی داوە. كورد لە رۆژاوای كوردستان، لە گەرمیانی باشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان، لە باكوری كوردستان، لە میسرو ئوردون و یەمەن و هەرجێیەكی ئەم دنیایەدا بن، لەبەرامبەر هەوڵی تواندنەوەو نەمان، بەرخۆدان و بەرگرییان كردووە. بەرخۆدان ئەو گیانەیە كە ئێمەی كوردی گەیاندە ئەمڕۆ و دۆستانی كوردو مرۆڤدۆستانی دنیاشی هێنایە سەر خەت.

ئێستاش لە هەفتانین و قەندیل و هەموو ئەو هەرێمانەی دەولەتی توركیا هێرشیان ئەكاتە سەر، هەر ئەو رۆحی بەرخۆدانەیە لەبەرامبەری راوەستاوە. دەوڵەتی توركیا هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە بۆ چەندەمین جاربە هەموو تواناو تەكنۆلوژیا سەربازییەكەی، بە هەموو كەناڵە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووییەكانی. بە یارمەتی هەموو جاسوس و بەكرێگیراوەكانی، بێ پسانەوە هێرشی كردۆتە سەر خەڵكی كوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەكەی. بەڵام گیانی بەرخۆدان و بەرگریی، سەرەڕای هەموو سەختیی و قوربانیەك، شكستی بە سیاسەت و شەڕی قڕكردنی كورد هێناوەو خەڵكی كوردستانی لەسەرپێ راگرتووە.

بەرخۆدان لە هەفتانین و هەموو ئەو دەڤەرانەی دی كە حكومەتە فاشیستەكەی ئەردۆگان داگیری كردوون، چەكی هەرە بەهێزی شۆڕشگێڕان و جەنگاوەرانی ئازای و خەڵكی كوردستانە. هەر ئەو چەكە بە‌هێزەشە كە لە زۆر شوێن هێرشەكانی تێكشكاندووەو توانای فڕۆكەو تەكنۆلۆژیا سەربازییەكانی فاشیزمی توركیای سنوورداركردووە. ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ هێرشەكان تێئەشكێن و هێزی داگیركەرو قڕكەر لە پاشەكشەدان.

ئێمە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بە هەموو توانامانەوە پشتگیریی بەرخۆدانی هەفتانین و هەموو دەڤەرەكانی دی ئەكەین. ئەو بەرخۆدان و تێكۆشانە بە بەشێك لە ئەركی نەتەوەیی خۆمان ئەزانین. سڵاوی گەرمی تێكۆشان بۆ هەموو بەرخۆدەران و بەرگرییكاران ئەنێرین. سەری رێز بۆ هەموو گیانبەختكردوانی ئازادی دائەنەوێنین.

هەروەها وەك كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كوردستان داوا لە خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە ئەكەین، پشتگیریی لە بەرخۆدانی هەفتانین بكەن. بەهەر شێوازێك بۆیان ئەلوێت بێنە دەنگ و ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا و هاوكارەكانی دەربڕن. ئازادی و سەرفرازیی خەڵكی كوردستان تەنیاو تەنیا لەدەست خۆیان و خەباتكارانیاندایە. ئێمە دڵنیاین خەڵكی كوردستان هەرگیز شۆڕشگێڕانی ئازادی بە تەنیا جێناهێڵن.

داوا لەسەرجەم پارت و رێكخراو و هێزە كوردستانییەكانیش ئەكەین هەڵوێستی جدی بنوێنن و لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیركاریانەدا بێنە دەنگ. بە دڵنیایی ئەو هێرش و پەلامارە ئەوانیش ئەگرێتەوەو دەستكەوت و بەرهەمی تێكۆشان و خوێنی هەموو شەهیدان ئەخەنە ژێر هەڕەشەی تێكدان و لەناوبردنەوە.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان جارێكی دی پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدانی هەفتانین دووپات ئەكاتەوە. هەموو كەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی خۆشی لەو بوارەدا ئەخاتە گەڕ. سەرەكەوتن هی خەڵكی بەرخۆدەری كوردستانە.



PM:04:02:17/07/2020