وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ڕێكارەكان بۆ دوای 1/8/2020 دیاریدەكرێن و هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێم بە ڕێپێدانی ئەلكترۆنی دەبێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە چەند رێوشوێنێكی نوێ كرد و دووپاتی كردەوە كە ناكرێ هاتوچۆ بە تەواوەتی لە نێوان پارێزگاكان بكرێتەوە، بەڵام دەسەڵات بە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی دراوە كار بە رێگەپێدانی ئەلیكترۆنی بكەن و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاوووڵاتییان بكەن.
وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی" رێگە دەدرێت بە شۆفێرانی بارهەڵگر بێنە ناو هەرێمی کوردستان، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگانی هەرێم و عیراق وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام رێگە بە جموجۆڵی بازرگانی دەدرێت، بە تایبەتی لە رووی پەلەوەر و كشتوكاڵی".
ڕێبەر ئەحمەد سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد" لە فڕۆكەخانەكان بەهۆی ئەوەی ئامادەییان نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان داوایان لێكراوە بۆ ئەوەی تاوەكو ١/٨/٢٠٢٠ ئامادەكاریەكانیان بكەن، بۆیە تا ئەوكاتە هیچ گەشتێك ئەنجام نادرێت".
ڕاشیگەیاند" هەندێک ئاسانکاری بۆ کردنەوەی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان دەکرێت بۆ جەژنی قوربان، بەڵام چوونە سەر قەبران و پرسە و بەڕێوەچوونی بۆنەکان رێگە پێنەدراوە".