سەنتەرى پەرەپێدانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ (DHRD) راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

سەنتەرى پەرەپێدانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ (DHRD) راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە لەبارەى بێدەنگى ئەنجومەنى دادوەرى لە هەرێمى کوردستان لە هەمبەر ئەو راپۆرتانەى کە ساڵانە رێکخراوەکە لەسەر دۆخى سەروەرى یاسا و پیشێلکارییەکان و مافەکانى مرۆڤ، بڵاوى دەکاتەوە.  

سەنتەرەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات" لە ماوەی 12 ساڵی کارکردنی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD لە پرۆژەی (پاڵپشتی دادگا ) و لە میانەی 11 ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر دۆخی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێشێلکاریەکان دژی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی تۆمەتباران ، ھەزاران حاڵەتی پێشێلکاری یاسایی تۆمارکران و بڵاوکرانەوە و تیایدا دەیان حاڵەتی دەستوەردانی حزبی لەکاروباری دادگاکان و دەیان حاڵەتی دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەکاروباری دادگا و داوەری و سەدان حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگا لەلایەن حزبەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و  سەدان حاڵەتی زەقی پێشێلکاری دژی یاسا و مافی مرۆڤ و مافی تۆمەتبار لەلایەن دادوەران، بە دریژایى ئەو ماوەیە ئەنجومەنى دادوەرى بۆ یەکجاریش وەڵامێکى بۆ ئەو راپۆرتانە نەبووە و جەخت لەوە دەکەنەوە ساڵانە بە ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنەکە وێنەى راپۆرتەکان نێردراوە بۆیان". 

لە راگەیەندراوەکەیاندا رەخنە لە بێدەنگى ئەم دامەزراوە یاساییە دەکەن و دەڵێن" وەک ئەوەی ئەم ئەنجومەنە نەیبیستێت  یا زمانی نەبێت ، ھیچ وەڵامێکی نەبوو ، نەک ھەر ئەوە بەدرێژایی دروستبوونی ئەنجومەنی دادوەری لە ھەرێم دەیان حاڵەت و ڕووداو ھەبووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەنجومەنی دادوەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکەی ھەبووە کەلە ھەندێ حاڵەتدا گەشتۆتە ڕادەی سوکایەتی و ناوزڕاندن ، بەڵام وەک ھەمیشە ئەم دامەزراوەیە بێ دەنگی ھەڵبژاردووە".  

سەنتەرى پەرەپێدانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ ئاماژە بەدواهەمین روداو دەکات کە ئەنجومەنەکەى هەر بێدەنگ بووە لەهەمبەرى کە پرسى دریژکردنەوەى تەمەنى خانەنشینی ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجومەنەکەیە بەپێی فەرمانێکی ئەنجومەنەکە، بەڵام ھەریەک لە دەستەی دەستپاکی ھەرێم و وەزارەتی دارایی و یەکێتی دادوەران و چەندین دادوەر ئەم کارەیان بە نایاسایی و نادەستوری لەقەم داو تەنانەت وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە ناچنە ژێر باری ھیچ کارێکی نایاسایی و جەخت دەکەنەوە "کەچی وەک سروشتی ھەمیشەییان ئەنجومەنی دادوەری بێ وتەو بێ ھەڵوێست لەسەر ئەم بڕیارەش بێدەنگ ماوەتەوە".

PM:10:04:29/07/2020