دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەبارەی وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

کامی کەمال وتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ پشكنین لە گەشتیاران وەردەگیرێت ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" بڕە پارەكە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دیاریكراوە و بەپێی دوا بڕیاری وەزارەتەكەش بڕی پارەكە بۆ پشكنینی هەر گەشتیارێك لە 100 هەزار دینارەوە بۆ 60 هەزار دینار كەمكراوەتەوە".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیێندراوێک لە گۆتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل

سەبارەت بە رێکارە تەندروستیەکان و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ئەو گەشتیارانەی لە دەروازەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیلەوە ھاتن و چوون دەکەن.

ڕایی گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە بەپێی رێنمایی و بریارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکەین و بابەتی کەرەنتین و ستافی پزیشکی لەسەر سنور و دیار کردنی نرخی پشکنینی کۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە دیار و سەرپەرشتی دەکرێن.

بەپێی دوا بریاری وەزارەتی تەندروستی ژمارە (١٠٩) لە رێکەوتی (٣٠\٧\٢٠٢٠) بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە ھەر گەشتیارێک وەردەگیرێت لە (١٠٠,٠٠٠) سەد ھەزار دینارەوە کەم کراوەتەوە بۆ (٦٠,٠٠٠) شەست ھەزار دینار. 

ھەروەھا سەبارەت بە ھاتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری وڵاتی تورکیا ئێمە چاوەرێی ئامادە بوونی میکانزمی پێویستین کە لەلایەن تەندرستی دھوکەوە بۆ پشکنینی ئەو شۆفێرانە ئامادە دەکرێن کە بەم نزیکانە ئامادەکاری تەواو دەبن و دەتوانن لەدوایی جێبەجێ کردنی رێکارە تەندرستییەکان وەکو پێشتر بێنە نێو ھەرێمی کوردستان.

وە بەپێی ئەو بریارەی وەزارەتی تەندروستی کە لەسەرەوە ئیشارەتمان پێداوە بۆ پشکنینی ھەر شۆفێرێکی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بڕی (٣٠,٠٠٠) سی ھەزار دینار وەردەگیرێت.

کامی کەمال 
ۆتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل
 ٢\٨\٢٠٢٠




PM:06:58:02/08/2020