ئامانجی سەردانی وەفدێکی ئەمەریکی بۆ قەندیل ئاشکرا دەبێت

دوێنێ ٢ی ئاب وەفدێکی ئەمەریکا سەردانی ناوچەکانی قەندیلیان کرد، ماڵپەڕی " سپی " لەسەر ئامانجی سەردانی ئەو وەفدە زانیاری بڵاودەکاتەوە.

 

دوای پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە باشووری کوردستان لەسەر ئامانجی ئەو وەفدەی ئەمەریکا دوێنێ سەردانی ناوچەکانی قەندیلی کرد، سەرچاوەیەکی بالآی پەکەکە بە ماڵپەڕی ( سپی ) راگەیاند" سەردانی ئەو وەفدە بۆ کۆبوونەوە نەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هیچ کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە لە نێوان پەکەکە و ئەو وەفدە ئەمەریکیە ساز نەکراوە".

 

ئەو سەرچاوە بەرپرسەی پەکەکە لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێش ئەوەی وەفدەکەی ئەمەریکا سەردانی قەندیل بکەن، پەکەکەیان ئاگادار کردۆتەوە کە وەفدێکی ئەمەریکی سەردانی ئەو ناوچەیە دەکات و، پەکەکەش کار ئاسانیان بۆ هاتنی وەفدەکە کردووە.

 

دەربارەی ئامانجی سەردانەکە، سەرچاوەکەی پەکەکە ئاشکرای کرد کە هاتنی ئەو وەفدە بە مەبەستی بینین و هەڵسەنگاندنی ئامانجی بۆردومانەکانی تورکیا بووە بۆ سەر ناوچەکە و، ئەو زەرەرو زیانە گیانی و مادیانەی بە خەڵکی ناوچەکەی گەیاندووە.

 

ئەو سەرچاوەیە رەتیکردەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەفدە ئەمریکیەکەو بەرپرسانی پەکەکەدا لە میانەی سەردانی ئەو وەفدی دوێنێی ئەمەریکا کرابێت.

 

لە چوارچێوەی ئەو زانیاریانەدا سەرچاوەکەی پەکەکە ئاشکرای کرد کە لەرووداوی بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری کونە ماسی رۆژی ٢٠٢٠/٦/٢٥ کە بووە مایەی برینداربوونی سەختی خێزانێک و شەهیدبوونی گەریلایەکی پارتی ژیانی ئازاد، وەفدێکی تری ئەمەریکی سەردانی شوێنی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیایان لە کونە ماسی کرد بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زەرەرو زیانانەی لە خەڵکی ناوچەکە کەوتووە.

 

دوێنێ هەندێک میدیای باشووری کوردستان لە هەواڵەکانیاندا بلآویان کردەوە کە وەفدێکی ئەمەریکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە سەردانی قەندیلیان کرد، هەندێک لەو میدیایانە ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە وەفدە ئەمەریکیەکە پرۆژەیەکی ئاشتیان بۆ پەکەکەو تورکیا پێ بووە. 



PM:08:12:03/08/2020