هیوا جەمال بێژەری دیاری رووداو واز دەهێنێت و دەچێتە تیڤیەکەی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی

ماوەی هەفتەیەکە میدیاکاری دیاری کەناڵی رووداو، هیوا جەمال لە کەناڵی رووداو دەستلەکارکێشایەوەو پەیوەندی دەکات بەو کەناڵەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتییەوە کە بڕیارە لە ئایندەدا دەست بە پەخش بکات.

 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی میدیا " هیوا جەمال ماوەی هەفتەیەکە دەستی لە کارکێشاوەتەوەو پەیوەندی کردووە بەو کەناڵە نوێیەی لاهوری شێخ جەنگییەوە کە بریارە لە ئایندەدا دەست بە پەخش بکات.

 

ماڵپەڕی " سپی میدیا " پەیوەندیکردن بە میدیاکار، هیوا جەمال ەوە، بەلآم  ناوبراو تەلەفونەکەی داخراوە.

 

هیوا جەمال، سەرەتای دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی لە میدیای بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستیپێکرد، دواتر پەیوەندی بە رووداوەوە کردو بەرنامەی " روداوی ئەمڕۆ"ی کەناڵەکەی پێشکەش دەکرد، بەلآم ماوەی هەفتەیەکە بەرنامەکە وەستاوە.

 

ئەو کەناڵەی لاهوری شێخ جەنگی کە زیاتر لە ساڵێکە دەنگوباسی ئەوە لەئارادایە دەکرێتەوە، بەلآم تا ئێستا نەکراوەتەوە، لەسەرەتاوە ژمارەیەک میدیاکاری ناسراو و بەرچاوی کەناڵی NRT پەیوەندیان بەو کەناڵەوە کرد و بوون بە کارمەند، هەندێکیان تا ئێستا لەو کەناڵە ماونەتەوە، هەندێکی تریان پاشەکشەیان کرد. تا ئێستا هیچ وادەیەکیش بۆ کردنەوەی کەناڵەکە دیار نییە.



PM:01:39:09/08/2020