ژمارەیەک رۆشنبیر ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر کردنی نەخۆشخانەیەکی حوکمی بە کەرتی تایبەت دەردەبڕن

ژمارەیەک رۆشنبیرو پزیشک لە نامەیەکدا ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن لەسەر کردنی”نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر“ لەدامەزراوەیەکی حکومییەوە بۆ ”کەرتی تایبەتی“ و بە مەبەستی قازانج و دەسکەوتی مادیی.

 
لەو نامەیەی ناڕەزایەتییەدا کە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە، تیایدا هاتووە " لەم دۆخە ناهەموارەدا، رۆژانە نمونەی شۆکهێنەر لەسەر گەندەڵیی ناو کەرتی تەندروستیی دەکەونەڕو و ئاشکرادەبن. تازەترین نمونەی ئەم گەندەڵییە گەورەیە، کەیسی ”نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر“ە. وەکو بەڵگەکان نیشانی دەدەن، ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئەرز و بە پارەی گشتیی دروستکراوە. هاوکات ٤٠ ملێون دۆلاری لە شرینی گرێبەستی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای ئوریکس پیترۆلیومی سویسریی تێدا خەرجکراوە. هەروەها ڕێکخراوێکی بەناو خێرخوازی بۆ دروستکراوە لە بریتانیا کە سەرپەرشتی دروستکردنی نەخۆشخانەکەی کردوە. سەرەتا نەخۆشخانەکە کرایە بەشێک لە زانکۆی کوردستان، بەڵام لە حاڵی حازردا بەناوی ”نەخۆشخانەی سانتیلایڤ“ەوە کراوە بە دەزگایەکی ناو ”کەرتی تایبەتی“ و بە مەبەستی قازانج و دەسکەوتی مادیی دراوە بە کۆمپانیایەکی تورکیی بۆئەوەی بەڕێویبات".


نامەی ناڕازیبوون

 
دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، 

 
پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی بەرپرسیار و مافخوراو، دایکان، باوکان. 

 

 ھەموان دەزانین کوردستان بە دۆخێکی تەندروستیی ھێجگار خراپدا تێدەپەڕێت و سیستمی تەندروستیش، وەک زۆر بەشی تری ئەو کۆمەڵگایە، لە قەیرانێکی قووڵ و دروستکراوەوە ئاڵاوە. لە لایەکەوە پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە وڵات وڵاتدا بڵاوبوەتەوە، لە لایەکی تریشەوە سیستەمە تەندروستییەکە، بە دانپێنانی خودی سەرۆکی حکومەت خۆی، بەڕادەیەک لاواز و قەیراناوییە توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەی نییە. ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێھیچ ھاریکارییەکی تەندروستیی بەجێھێڵدراون بۆ شێوازی سروشتیی گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خۆی. 

 
لە بنەڕەتدا و بەبێ کۆرۆناش، ساڵانێکە سیستەمی تەندروستی لە کوردستاندا لە بەردەم پرۆسەی گەورەی گەندەڵیی و لۆژیکی بەدەستھێنانی قازانجی خێرا و کردەی بەحیزبیکردنێکی خێڵەکییانە و پشتگوێخستنێکی تەواودا بووە. لەم دۆخە ناهەموارەدا، رۆژانە نمونەی شۆکهێنەر لەسەر گەندەڵیی ناو کەرتی تەندروستیی دەکەونەڕو و ئاشکرادەبن. تازەترین نمونەی ئەم گەندەڵییە گەورەیە، کەیسی ”نەخۆشخانەی منداڵانی هەولێر“ە. وەکو بەڵگەکان نیشانی دەدەن، ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئەرز و بە پارەی گشتیی دروستکراوە. هاوکات ٤٠ ملێون دۆلاری لە شرینی گرێبەستی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای ئوریکس پیترۆلیومی سویسریی تێدا خەرجکراوە. هەروەها ڕێکخراوێکی بەناو خێرخوازی بۆ دروستکراوە لە بریتانیا کە سەرپەرشتی دروستکردنی نەخۆشخانەکەی کردوە. 

 
سەرەتا نەخۆشخانەکە کرایە بەشێک لە زانکۆی کوردستان، بەڵام لە حاڵی حازردا بەناوی ”نەخۆشخانەی سانتیلایڤ“ەوە کراوە بە دەزگایەکی ناو ”کەرتی تایبەتی“ و بە مەبەستی قازانج و دەسکەوتی مادیی دراوە بە کۆمپانیایەکی تورکیی بۆئەوەی بەڕێویبات. زۆربەی پزیشک و کارمەند و ستافی نەخۆشخانەکەش لە تورکیاوە ھێنراون و بە ڕەگەز تورکن. لە ئێستادا نەخۆشخانەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا تەرخانکراوە و هەزاران دۆلار لەبەرامبەر یەک رۆژی مانەوەی نەخۆش تیایدا وەردەگرێت. 
زەوتکردنی ئەم نەخۆشخانە گشتییەی مناڵان و خەسخەسەکردنی نایاسایی و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی تایبەت، لە کاتێکدایە کە تەندروستی بە گشتیی و تەندروستی منداڵانی کوردستان بەتایبەتیی، لەوپەڕی خراپیدایە. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە ”نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان“ لە هەولێر، بەهۆی نەبونی جێگاوە منداڵەکان لەسەر ئەرز ئەخەوێنرێن. چەندین منداڵیش لە هەولێری پایتەختدا بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویستەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بێنرخکردنێکی بەرچاوی ژیانی ئەو منداڵانەیە کە زۆربەیان سەر بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ئێمەن.

 
بەدیوێکی تردا، هێنانی پزیشک و کارمەندی تورک بۆ هەولێری پایتەخت لە کاتێکدایە کە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی ھەرێمەکە خۆی، لە کەرتی گشتیی دانامەزرێن و موچەیان نادرێتێ و لە کەرتی تایبەتیشدا دەرفەتی کارکردنیان بۆ فەراهەم ناکرێت. کەیسی خەسخەسە و بەتایبەتکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتیی منداڵان بەڕونی دەریدەخات کە دەسەڵاتدارانی هەرێم، سڵ لە ھیچ ناقانونیکردن و خراپ بەکارھێنانێکی زۆر نابەرپرسیارانەی دەسەڵات و دروستکردنی قەیرانی گەورە و ھەمەلایەن ناکەنەوە. بەڕادەیەک تەنانەت سڵ لەوەش نەکەنەوە خزمەتگوازرییی تەندروستیی سەرەتایی بۆ منداڵانیش  وێرانبکەن و بۆ مەبەست و قازانجی تایبەت بیخەنگەڕ.

 
 ئێمە لێرەوە بە توندی دژی سیاسەتی خەسخەسە و بەتایبەتکردنی خزمەتگوزارئی تەندروستیی دەوستینەوە کە بە کردەوە کەرتی تەندروستیی لە ھەرێمدا گۆڕیوە بۆ بازاڕێکی بێیاسا و جەنگەڵێکی گەورە بۆ پارەپەیداکردنی خێر و ناشەرعیی. ئێمە لێرەوە ڕایدەگەینین، کە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و ناشێت لەژێر هیچ بیانویەکدا خەڵکی لێ بێبەش بکرێت. پشتگیری تەواویش لە هەموو ئەو تەندروستکار و چالاکەوان و ڕۆژنامەنوسە ئازایانە دەکەین کە دەنگی ناڕەزایەتیان لەسەر ئەم کەیسە هەڵبڕیوە. هاوکات داوا لە دەزگا یاساییەکانی وەکو داواکاری گشتیی و پەرلەمان دەکەین کە بەدواداچوونی جیددی بۆ ئەم بابەتە بکەن و ئەم کەلاوەیە لە تەپینی تەواوەتی بپارێزن. داواش لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین، لەم دۆخە نالەبارەدا کە کۆرۆنا دروستیکردوە، ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە موڵکی گشتین بگەڕێنێتەوە سەر کەرتی گشتیی و بێبەرامبەر خزمەتی تایبەت بە کۆرۆنا  پێشکەشی هاوڵاتیان بکەن.

 
ناوەکان: 

 
مەریوان وریا قانیع- نوسەر و مامۆستای زانکۆ
ئاسۆس هەردی-ڕۆژنامەنوس
هیوا قادر-نوسەر
ڕێبین هەردی-نوسەر
د.گۆران عەبدوڵا-پزیشک و نوسەر
هۆشەنگ وەزیری-نوسەر
د.ڕەوشت ڕەشید-پزیشک
د.بێستون پێشڕۆ-پزیشک
د.خەدیجە ڕەشید-پزیشک
سۆران محەمەد-یاریدەدەری تاقیگە
سەلام عەبدوڵا-نوسەر
د.خۆشی حەمید حەمزە-پسپۆری دەرمانساز
هیوا عومەر-ڕۆژنامەنوس
د.توانا محەمەد نەجم- پزیشک و پسپۆری دەرمانساز
ئاسۆ کەمال-چالاکوان
ئەحمەد محەمەد ئیسمائیل- چیرۆکنووس
کارزان گلی- رۆژنامەنووس
رەوەند پۆلس-سەرۆکی یەکیتی نووسەرانی سریان
محەمەد وانی-رۆژنامەنووس رۆژنامەنووس
سەلام کەریم زادە-پزیشک
قەیس حوسین رەسول- مامۆستا
سەروی عومەر دروێش-  شاعیر
خەبات عەبدوڵلا- نووسەر
روناک عزیز- شاعیرو شێوەکار
سەرهەنگ خامۆش-شاعیر
د.ئازاد محمد سعید- مامۆستای زانکۆ
فەرەیدون سامان-شاعیرو نوسەر
سوداد ڕەسووڵ- نووسەر و مامۆستای زانکۆ
عوسمان هۆرمزیار- شاعیرو نوسەر
خالد سلێمان-ڕۆژنامەنوس
نیاز عەبدوڵا- رێكخراوی ئازادبون 
تەحسین قادر- رێكخراوی ئازادبون
رەوا سەردار- دەرمانساز
جەمال پیرە-رۆژنامەنوس
هەڤین کەمال- پزیشک
مەهدی زریان-شاعیر












PM:02:09:19/08/2020