ئەحمەد حاجی رەشید:
ئێوە دیكتاتۆرترین و ستەمكارترین دەسەڵاتن ئەگەر بەرتان پێنەگیرێت

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکەی شەوی ڕابردووی زاخۆ هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" ئەو چەند ڕوویە دادتان نادات کەئێوە دیکتاتۆرترین و ستەمکارترین دەسەڵاتن ئەگەر بەرتان پێنەگیرێت".

 

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە نوسینێکیدا لەبارەی خۆپیشاندانەکەی زاخۆ ئاماژەی بەوەکردووە" لەکاتی خۆپیشاندانەکانی عێراق دا سەرکردە باڵاکان لە کوردستان داوایان لە هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکرد کە توندو تیژی دژی خۆپیشاندەران بەکار نەهێنن".

 

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت" ئەی ئەوەی لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت لە ئێستادا ناوی دەنێن چی ، چۆن ڕوتان دێت ، چۆن تەریق نابنەوە".

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەحمەدی حاجی ڕەشید باسی لەوەکردووە: ئەو چەند ڕوویە دادتان نادات کە ئێوە دیکتاتۆرترین و ستەمکارترین دەسەڵاتن ئەگەر بەرتان پێنەگیرێت، بەڵی بۆ ئازادی ، بەڵێ بۆ داد پەروەری.

 

پەیامەکەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە، کە شەوی ڕابردوو  لە شارۆچكەی زاخۆ لە سەر ڕێگەی ئیبراهیم خەلیل شوفێرانی بارهەڵگر گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دژی هاتنی شۆفێرانی تورك بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، لە خۆپیشاندانەکەدا زیاتر لە دە کەس لە خۆپیشاندەران و ژمارەیەک لە هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارە بریندار بوون. 



AM:11:08:20/08/2020