ڤیدیۆ.. لە سلێمانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێنوماییە تەندروستییەکان پرسە بۆ گیان لەدەستدانی کەسایەتییەک دادەنرێت

لە کاتێدا کە هەر کەسێک بە کۆرۆنا و نەخۆشیەکی تر گیان لەدەستبدات، بەپێی رێنوماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ نابێت پرسەی بۆ دابنرێت، بەڵام لە سلێمانی لەبەرچاوی دەزگا فەرمییەکان و بەرپرسان پرسەیەکی گەورە بۆ کەسایەتییەک دادەنرێت کە دوو رۆژ لەومەوبەر بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کردووە.

دوو رۆژ لەمەوبەر لە سلێمانیئ کەسایەتی ناوچەی شارباژێڕ و سلێمانی، شێخ محەمەد شێخ عەتاری نۆرەباب بە کۆرۆنا لە سلێمانی کۆچیی دوایی کرد، بەپێچەوانەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە مانگی ئازارەوە تا ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆچیی دواییان کردووە، دەسەڵاتداران رێگایان نەداوە پرسەیان بۆ دابنر‌ێت، بەڵام دوینێ چوار شەممە ئێوارەکەی لەگەڕەکی هەوارە بەرزە لەنزیک مزگەوتی ئازادی لە سلێمانی خێمە بۆ پرسەکەی ئەم کەسایەتییە دانرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسوکارو خەڵک و بەرپرسان بەشداری پرسەکەیان کرد.

لە ڤیدیۆیەکدا کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراتەوە، پرسەی ئەم کەسایەتییە لەژێر خێمەی گەورەدا بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی بەرچاو خەڵک بەشدارە تیایدا.
شێخ محەمەد شێخ عەتاری نۆرەباب کەسایەتیەکی خێرخوازو ناسراوی شارباژێر و سلێمانی یەو دوو رۆژ لەمەوبەر لە سلێمانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

 


PM:03:44:20/08/2020