بەرپرسێکی پێشووی گۆران: ناکرێ لە بەغداد مشەخۆر بن و لە کوردستانیش مشور خۆر

بەرپرسێکی پێشووی گۆڕان بۆ پەرلەمانتارانی گۆڕان وتی" ناکرێ لەبەغداد مشەخۆر بن و لە کوردستانیش مشورخۆر".

 

د. ئیسماعیل نامیق بەرپرسی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (نامەکانتان ھێشتا ماون!) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی "فەیسبووک" بڵاوکردەوە" ئەوکاتەی بەشێک لەم برادەرانە لەگەڵ ھەندێک کەسی دیکە سەریان کردبوو بەیەکداو خەریکی ئەوە بوون لە دەرەوەی دامەزراوەکانی گۆڕان رێکەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ پارتیدا دەکرد وکێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم کەکێشەی ناوخۆیی ماڵباتی بارزانیش بوو بۆ پارتی چارەسەر دەکرد".

 

بەرپرسەکەی پێشووی گۆڕان لە درێژەی نوسینەکەیدا ئاشکراشیکردووە: لەپێناو بەدەستھێنانی پارە و پلەو پۆست، ئەوکاتەی ئەمانە تەنزیریان بۆ رێکەوتن لەگەڵ پارتی ئەکرد، ئەیانگوو: ئەوەی ئێمە بە ١٢ کورسیەوە لە پارتیمان وەرگرتوە نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بە ٢٤ کورسیەوە وەریبگرێ".

 

ڕاشیگەیاند" ئێمە ئەوکات ھاوارمان ئەکرد، ئەمان ووت: تکایە ئەمە مەکەن ھەڵەیە، شەڕمان کرد کە گۆڕان وخەڵک نەکرێتە قوربانی پلەو پۆست ودەسکەوتی تایبەتی چەند کەسێکی برسی. کەچی ئەم برادەرانە پێیان ئەوتین ئەوەی ناڕازییەو رەخنەلەگۆڕان ئەگرێ، دەست لەگۆڕان بکێشێتەوە ئەوسا رەخنە بگرێ".

 

د. ئیسماعیل نامیق لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێستاش ھەر ئەم برادەرانە دوای نائومێد بوون لە پلەو پۆست ھاتوون خۆیان کردووە بە فریاد ڕەسی خەڵک وداوای کشانەوە و خۆپیشاندان ئەکەن. پەرلەمانتارى بەغداد لەھەر حیزبێک بێ، ئەگەر خۆی لە بەغداد دەستبەرداری یەک دینار بوو با داوا لە خەڵکیش بکات لە کوردستان دەستبەرداری ھەزار دینار بن، بەڵام ناکرێ تۆ لە بەغداد مشەخۆر بیت و لە کوردستانیش مشورخۆر، لە بەغداد فیرعەونانە بژی، لە کوردستانیش بانگی حەقی موساو ھارون بدەی بە گوێی خەڵکدا.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" داوا دەکەن بە زووترین کات گۆڕان لەم بەشدارییە بێکاریگەرەی لە دەسەڵات بکشێتەوە و روبکاتەوە جەماوەرەکەی، لەگەڵ سەرجەم هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازەکانی دیکەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا فشاری جدی دروست بکەنەوە". 



PM:09:49:20/08/2020