لەبارەی گرانبوونی نرخی مریشک روونکردنەوە دەدرێت

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان هۆکاری گرانبونی نرخی مریشک لەبازاڕەکاندا ئاشکرادەکات و دەشڵێت" لەماوەی هەشت مانگدا بڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان کەوتووە".

 

نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگەیاند" لەئێستادا نرخى یەک کیلۆ مریشک لە کێڵگە پەلەوەریەکان دوو هەزار و ٤٠٠ دینارە، بەرزبونەوەى نرخکەش لەو ئاستەدا نییە کە زیانى خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان پڕبکاتەوە، چونکە بڕى دوو هەزار و ٢٥٠ دینار تێچووى هەر کیلۆیەکە".

 

وتیشی" لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی هەشت بەبڕی ٢٥ ملیار دینار زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە".

 

جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاشکراشیکرد: بەتەنها پارێزگای سلێمانی ساڵانە بڕی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار تۆن مریشکی زیندو بەرهەمدەهێنین بەبەڵگەو داتا ئەوە دەسەلمێنین، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەنەکان‌و دەستگاکانی ڕاگەیاندن پشتیوانی له‌م به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییە بکەن‌و ڕێگریی له‌ داڕمانی‌ بكه‌ن. 

 

ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات: لە ئێستادا حکومەتی هەرێم نرخی گومرگی لەسەر هێلکەی تروکاندن بەرز کردۆتەوە کەئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ گرانبونی نرخی مریشک.



PM:07:52:28/08/2020