کازم فاروق: چاوەڕوانی هەنگاوێکی کاریگەر بن لە هەرێم

ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠ لە نوسینێکیدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" چاوەڕوانی هەنگاوێکی کاریگەری هاوشێوە بن، چیتر رێگا کۆنەکان ناگرینەوە بەر و بێدەنگیش نابین، چیتر لەبەرامبەر بێباکی دەسەڵات و زوڵمکردن لە خەڵک و بێ بەها کردنی دامەزراوە و رێکارە مەدەنییەکان، بێ دەنگ نابین". 

د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە نوسینەکەیدا بە ناونیشانی (چاوەڕوانی هەنگاوێکی کاریگەر بن لە هەرێم) ئاماژەی بەوەکردووە" پێش دوو رۆژ حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا کە خۆپیشاندانی گەورە قەدەغە بکرێت، لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا، ئێستا لە بەرلین خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەدەچێت". 
 
دەشڵێت" سەرباری دانانی بەربەست و رێگری لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە، بەڵام لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانەوە خەڵک بەلێشاو بەرەو بەرلین دەڕۆن بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە گەورەکە و وەستانەوە دژی بڕیارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا". 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاند" بۆیە لە هەرێمیش چاوەڕوانی هەنگاوێکی کاریگەری هاوشێوە بن، چیتر رێگا کۆنەکان ناگرینەوە بەر و بێدەنگیش نابین، چیتر لەبەرامبەر بێباکی دەسەڵات و زوڵمکردن لە خەڵک و بێ بەها کردنی دامەزراوە و رێکارە مەدەنییەکان، بێ دەنگ نابین و لە چەند هەفتەی داهاتودا گەورەترین شێوازی نارەزایەتی ئەنجام دەدەین لە هەرێمی کوردستان دژ بەم دەسەڵاتە". 
 
ئەوەشی خستەڕوو: ئەڵمانیا تەنھا بەھۆی زانستەوە پێشنەکەوتووە، بەڵکو سەرەتا بەھۆی بەھەڵوێستی و بێدەنگ نەبوونی خەڵکەکەیەوە بووە بەم ئەڵمانیایەی ئێستا، کە چیتر رێگە نادەن دیکتاتۆر و ھیتلەرێکی تر دروست بێتەوە.
 
کازم فاروق لە کۆتایی نوسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە: ئەمە میللەتی زیندووە کە ھەرگیز ناھێڵێت حکومەت و دەسەڵاتەکان ھیچ بیانویەک بەکاربھێنن بۆ سەرکوتکردنیان، بۆیە دڵنیابن لە هەرێمی کوردستان خەڵکانێکی زۆر ئازا و بەهەڵوێست هەن کە ئەم سەرکوتکاری و زوڵم و گەندەڵی و دزی و ناعەدالەتیەی پارتی و یەکێتی قبوڵ ناکەن و ھەموو خەڵک پێکەوە خۆپیشاندان و پاشان ڕێپێوانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین بۆ کۆتایی ھێنان بەم دەسەڵاتە فاشیل و ستەمکارە پشتیوان بەخوای گەورە.

PM:04:05:29/08/2020