وەزیری بازرگانی هەرێم:
لە رۆژانى داهاتودا بەرهەمى دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دڵخۆشکەردەبن

وەزیری بازرگانی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە رۆژانی داھاتوودا بەرھەمی دانوستانەكان دڵخۆشكەر دەبن و ئەنجامی دەبێت". 

 

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند" ھەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئامادەیی خۆمان نیشان داوە بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی رێككەوتن لە نێوان ھەردوو حكوومەت، تا ئێستاش قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە و بڕیارە رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت".

 

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم وتیشی" بڕیارە شاندی باڵای دانوستانی ھەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بەغدا بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە و ئەنجامی كۆتایی دانوستانەكان لەسەر ئەو پرسانەی پێشتر لەسەری رێككەوتوون".

 

كەمال موسلیم، پێشبینى دەکات دانوستاکانی نێوان هەرێم و بەغداد دڵخۆشکەر بێت، چونكە پێش چەند رۆژێك مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە ئەمەریكا بە نوێنەرانی ھەرێمی كوردستانی راگەیاندبوو، دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێن و بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.



AM:09:46:03/09/2020