ئەبوبەكر هەڵەدنی: بە سێ یاداشت واژوو بۆ پرساندنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی كۆدەكرێتەوە

پەڕلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" فشاری زۆر لەسەر پەرلەمانتاران و حزبەکانیان هەیە بۆ ئەوەی پرسی لێبڕینی موچە و پرساندنی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی پێویستی بۆ كۆنەكرێتەوەو نەخرێتەكاری پەرلەمانەوە، بەڵام ئەوان سورن لەسەر لێپرسینەوە لە حکومەت".

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی پەڕلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی بابەتی پرساندنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو بەهەندێ بیانووی سادە سەرۆكایەتی پەڕلەمان یاداشتەكانی ئێمەی بۆ ئەو پرساندنە ڕەتكردەوە، ئێمە جارێكی تر سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژووین بەسێ یاداشتی جیاواز بۆ پرساندنی هەریەكێكیان".

 

هەڵەدنی وتیشی" جەوهەری گرفتەكە ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بەرپرسیارن لە بڕینی موچەی فەرمانبەران، چونكە هیچ پاساوێكی یاسایی نیە بۆ لێبڕینی موچە". 

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڵنیاندا بۆ ماوەی یەك مانگ لێبڕینی مووچە دەبێت بەڵام وانەبوو ئێستاش دەنگۆ هەیە تا كۆتای ساڵ موچە بەلێبڕینەوە دابەشبكرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو: فشاری زۆر لەسەر پەرلەمانتاران و حزبەکانیان هەیە بۆ ئەوەی واز لەم یاداشتەکە بهێنن، بەڵام ئەوان سورن لەسەر لێپرسینەوە لە حکومەت، هیوادارین سەرۆکایەتی پەرلەمان بە زوترین کات ئەم یاداشتە بخاتە بەرنامەی کارەوە.



PM:02:01:09/09/2020