400 هەزار چەكدار لەكوردستان هەیە، 12 هاوڵاتی چەكدارێكی بەردەكەوێت

ئا: سپی میدیا
هەرێمی كوردستان كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی پێنج ملیۆن هاوڵاتییە، ژمارەیەكی زۆر هێزی سەربارزی‌و ئەمنی جیاجیای هەیە، ئەگەر ئامارێكی ورد بكرێت، كوردستان ناوزەد دەكرێت بەسەربازگەیەكی گەورە‌و كۆمەڵگاكەشی بە كۆمەڵگایەكی میلیتاری.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست گۆڤاری سپی میدیا كەوتووە، دانیشتوانی هەرێم نزیكەی پێنج ملیۆن هاوڵاتییە، ژمارەی هێزە ئەمنی‌و سەربازیەكانی زیاتر لە 400 هەزار چەكدارە.

بەپێی ستانداری جیهانی لەكۆمەڵگایەكی تەندروستدا هەر 200 هاوڵاتی پۆلیسێكی بەردەكەوێت، بەڵام بەپێی ئاماری نا فەرمی لەهەرێمدا هەر 12 هاوڵاتی پیاوێكی چەكداری بەردەكەوێت، جا پێشمەرگە، ئاسایش، یان پۆلیس بێت.

بوونی هەرێمی كوردستان بەسەربازگەیەكی چەكدار‌و كۆمەڵگای كوردی بە كۆمەڵگایەكی (میلیتاری)، بەپێی بۆچوونی توێژەران‌و چاودێرانی سیاسی تەنها لەوەدا كورت نابێتەوە كە لەكوردستاندا نزیكەی 00 4 هەزار چەكدار هەیە، بەڵكو ئەم چەكدارانە دەرهاویشتەی زۆر خراپیان لەسەر ئاستە جیاجیاكانی كۆمەڵگا هەیە‌و لەنێو هێزەكان‌و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان‌و لەسەر ئاستی كەسیش هەمیشە لۆژیكی هێز‌و چەك لۆژیكی زاڵە‌و، ئەم دیاردەیە لێوان لێو كۆمەڵگای كوردیان پڕ كردووە لەتوندوتیژی، بەتایبەتی زۆرێك لەم هێزانە میلیشیان‌و لەدەرەوەی یاسان‌و سەر بەحیزبەكانن‌و هیچ دیسپلین‌و كۆنترۆڵێكی یاساییان لەسەر نییە‌و چاودێری رەفتارەكانیان ناكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی سپی یاسا بەركارەكانی هەرێم‌و یاسا بەركارەكانی عێراقیش دەبێت ئەم هێزە چەكدارانە لە دوای تەوابوونی دەوامی فەرمی چەكەكانیان لە ( مەشجەبی ) سەربازخانەكان دابنێن، بەڵام لەو 400 هەزار چەكدارەی هەرێم پۆلیسی بنكەكان نەبێت، كەسیان چەكەكانیان لەسەر بازخانەكان دانانێن‌و دەبرێنەوە ماڵەكانیان‌و تێكەڵ بەواقیعی كۆمەڵایەتی خێزانەكان دەبن‌و وەك كەلوپەلێكی نێو ماڵەكان تەماشادەكرێن‌و هەمیشە مایەی خولقاندنی توندوتیژیە لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی.

هێزی پێشمەرگە بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا كەوتووە لەلایەنە فەرمییەكانەوە، میلاكی ئەم هێزە لە وەزارەتی پێشمەرگە 640و118 سەدو هەژدە هەزار‌و شەش سەد‌و چل پێشمەرگەیە، پێكدێت لە 20 بیست لیوا‌و دوو هێزی پشتیوانی. لەم هێزانە تەنها 12 لیوای یەكیگرتۆتەوە ( یەكگرتنەوەیەكە زیاتر لەسەرەوەیە)، 8 هەشت لیواو 2 هێزی پشتیوانی هێشتا ماون‌و یەكیان نەگرتۆتەوە. هەرچەندە حكومەتی هەرێم‌و پارتی‌و یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هێزی پێشمەرگە یەكیان گرتۆتەوە، بەڵام بەپێی بۆچوونی چاودێرانی ئەو بوارە یەكیان نەگرتۆتەوە‌و یەكگرتنەوەكە زیاتر شكڵیە.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم كوردستان، میلاكەكەی 124 هەزار‌و 341 كەسە لە پۆلیس‌و فەرمانبەر. لەنێو ئەم ژمارەیەدا نزیكەی 60 هەزاری  هێزی زێرەڤانییە (هێزێكی تایبەتی پارتییە، ماوەیەك لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەبووە، ئێستا لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە).

هەر لەنێو پێكهاتەی وەزارەتی ناوخۆدا هێزێكی تایبەتی یەكێتی هەیە بەناوی هێزی( بەرگری‌و فریاكەوتن)، ئەم هێزە نزیكەی 35 هەزار چەكدار دەبن.

زێرەڤانی‌و (بەرگری‌و فریاكەوتن)، ئەو دوو هێزە هەردوو حیزب وەك موڵكی خۆیان تەماشایان دەكەن‌و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن‌و لەژێر سەرپەرشتی خۆیاندان‌و زۆرجار وا دەردەكەون كە تەنها مووچەكانیان لەلایی وەزارەتی ناوخۆیە.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەی پاسەوان 63 شەست‌و سێ‌ هەزار چەكدارە، ئەم هێزانە پەساوانی بەرپرس‌و ماڵ‌و باخ‌و دامودەزگاكانی حكومەتیشن. لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی خوولی پێشوو پەرلەمانی كوردستان، كەریم شەنگاری لە بەردەم لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ئەو ژمارەیەی ( 63 هەزار پاسەوانەی) لەدەم دەرچوو بوو، هەموو ئەو 63 هەزار چەكدارە  سەر بەوەزارەتی ناوخۆن.

لەنێو ئەم هێزە بێشوومارەدا لە پاسەوان، سەرۆكی هەرێمی ئێستا، بارزانی دوو لیوا پاسەوانی هەیە. سەرۆكی ئێستای عێراق، تاڵەبانیش دوو لیوا پاسەوانی دەكەن. سەرۆكی حكومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانیش یەك لیوا پاسەوانی هەیە.   

یەكێك لەهێزە چەكدارەكانی تر كە موڵكی هەردوو حیزبە‌و تا ئێستا یەك كەسی تر جێگای تیا نەبۆتەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی
كوردستان كەئەمانیش دوو دەزگایە یەكێكیان  دەزگای پارتی‌و ئەوی تریان دەزگای یەكێتییە،  بەپێی ئەو میلاكەی لەم دەزگایە هەیە ژمارەی كارمەند‌و چەكدارەكانی 31421 كەسە، كە لەو ژمارەی ئاسایشی پارتی زیاترە لەیەكێتی.
یەكێك لەو دەزگایانەی تر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە كە زانیاری‌و پاراستن‌و دژە تیرۆری هەردوولا سەر بەم دەزگایەیە، بەپێی زانیارییەكانی دەست سپی كەوتووە ئەم دەزگایە حەوت هەزار كەسی هەیە. یەكێتی دەزگای زانیاری‌و دژە تیرۆی خۆی هەیە. پارتیش بەهەمان شێوە خاوەنی دەزگای پاراستن‌و دژە تیرۆری خۆیەتی.

لەهەرێمدا جگە لەم هێزانە چەندین یەكەی سەربازی تر هەن سەر بەوەزارەتی بەرگری، یان وەزارەتی ناوخۆی عێراقن.
لە روی داراییەوە ئەم هێزانە قورساییەكی زۆریان لەسەر بودجەی هەرێم دروستكردووە، وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی بودجەی ساڵ 2013 ئەو بڕەی دەدرێت بە پێشمەرگە كە لە بەشی كورتهێناندا نوسراوە بەو پێیەی وەزارەتی بەرگری عێراق ئەو بڕە پارەیە نانێرێت كە بەپێی دەستوری عێراق دەبوایە بنێردرایە، چونكە پێشمەرگە بەشێكە لەسیستەمی بەرگری عێراق‌و حكومەتی هەرێم خۆی دابینی دەكات بڕەكەی لە ساڵی پاردا 1 ترلیۆن دینار بووە.

 دەزگای ئاسایشی هەرێم بووجەكەی 487 ملیار‌و 443 ملیۆن لە ساڵی 2013
لە ساڵی 2012 بوجەكە 445 ملیار‌و 22 ملیۆن بوو، واتە 32 ملیار زیادیكردووە.

هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بوجەكەی 344 ملیار‌و 630 ملیۆنە بۆ 2013. لە ساڵی 21012 دا 318 ملیار بوو 28 ملیار زیادیكردوە.

هەرچی وەزارەتی ناوخۆیە كە بەیەكێك لەگەورەین وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم دادەنرێت بودجەكەی بۆ ساڵی 2013 بڕەكەی 1 ترلیۆن‌و 357 ملیار‌و 970 ملیۆن دینار بوو.

كۆی ئەو بڕە پارەیەی لە بودجە دانراوە بۆ ( هێزە چەكدارەكان)، پێشمەرگە‌و وەزارەتی ناوخۆ‌و هێزەكانی ئاسایشی هەرێم‌و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ( دژە تیرۆری هەردوو، زانیاری‌و پاراستن ) دەگاتە زیاتر لە 20% بوودجەی هەرێم لەساڵی 2013دا.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لە میلیتاریكردنی كۆمەڵگا‌و چەك وەرگرتنەوە لەحیزب‌و رادەستكردنی بۆ دەستی دەسەڵاتێكی یاسایی‌و كۆتایی هێنان بەدنیای پڕ توندتیژی، هەرێم پێویستی بەدەیان ساڵ دەبێت تا پێبنێتە قۆناغێكی نوێوە.



PM:08:31:30/05/2014