سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەو ناوچانە دەكات کە توركیا بۆردومانی كردووە

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی وەفێک گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا، لەسەردانەکەیدا بڕیارە کازمی سەردانی ئەو ناوچانە بکات کە توركیا بۆردومانی كردووە.

 

بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە کاتژمێر ١٠:٠٠ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر، لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان و جێگرانى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانى حکومەتى هەرێم پێشوازىى لێکرا.

 

بڕیارە لە سەردانەکەیدا کازمی زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ بەپرسانی حکومەتی هەرێم ئەنجامبدات و سبەینێش بگاتە شاری سلێمانی.

 

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی "سپی"، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق پرسی دەروازە سنورییەکان و رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و بۆردومانەکانی تورکیایە و لەسەر ئەو پرسانە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم گفتوگۆ دەکات.

 

هەر بەپێی زانیارییەکانی "سپی"، كازمی سەردانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل‌ و ئەو ناوچانە دەکات، كە سووپای توركیا لە ماوەی رابردوو بۆردومانی كردووە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق زیاتر لە سێ مانگە دەستبەکاربووە و ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی كازمی ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان.



PM:12:09:10/09/2020