مستەفا کازمی لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل قسە دەکات

لە کاتی سەردانەکەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ شەممە بۆ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە دەکەوێتە دوا خاڵی سنوری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا، مستەفا کازمی لەسەر ئەو دەروازەیە لێدوانێکی راگەیاند.


نوسینگەی مستەفا كازمی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك وەزیران دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی لە قەزای زاخۆی سەربە پارێزگای دهۆك بەسەر كردوەتەوە و چاوی بە بەرپرسانی دەروازەكە كەوتووە و سەیری ڕێكارەكانی بەڕێوەچوونی گومرگیی و باج و ئالیەتەكانی لەو دەروازە گرنگە كردووە.  


  


بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، كازمی جەختی لەسەر ئەوە کردتەوە، " سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان لەمیانەی هەوڵەكانیانە بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان شانبەشانی یەكتر بوەستن لە هەموو بوارەكاندا، لەوانەش چالاككردنی كاری دەروازە سنورییەكان".


هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کازمی پێیوایە، كەشی ئیجابی لە هەولێر لە بەرژەوەندی وڵات و گەلەكەیەتی.  


  

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕوو" "پێویستە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەشەی پێبدرێت، لایەنە تایبەتمەندەكانی بەغدا و هەرێم بەم نزیکانە هەوڵی كۆبوونەوە دەدەن، ئەوەش لەپێناو هەماهەنگی و گەیشتنە حاڵەتێكی تەواو كە كاریگەری ئیجابی لەسەر هاوڵاتیانی هەموو عێراق دەبێت". 

  


كازمی وتوشیەتی: "لە كارە لەپێشینەكانی حكومەت ئاسانكاری جوڵەی بازرگانی و لابردنی سەرجەم بەربەستەكانە كە لەبەردەم گەشەسەندنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی هەستانەوەی ئابوری عێراق و هەمەجۆری داهات."  
 


PM:07:59:10/09/2020