لەڕۆژی جیهانی منداڵاندا رەخنە لەحكومەتی هەرێم‌و حیزبە سیاسیەكان دەگیرێت

ڕێكخراوی لانەی مناڵانی كوردستان رایدەگەیەنێت تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسایەكی دژی قەدەغەكردنی توندوتیژی مناڵان دەرنەكردوە‌و مناڵان لەهەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی حیزبەكان‌و وزۆربەی یادەكاندا بەكاردەهێنرێن، كەچی هەڵوێستێكی جددی لای حیزبەسیاسیەكانەوە بەرامبەر بێ مافی مناڵ نیە.
لەبەیاننامەیەكدا كە بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان بڵاویانكردۆتەوە، ڕێكخراوی لانەی مناڵانی كوردستان رایدەگەیەنێت "لەكاتێكدا زۆربەی ووڵاتان سەرگەرمی ئاهەنگ گێڕانن بۆ مناڵان، لەكوردستاندا دایكی مناڵ دەكوژرێت‌و چارەنوسی مناڵانیان لەگەڵ كێشەكانیاندا دیزە بەدەرخۆنەیی پێدەكرێت". 

دەقی بەیاننامەكە:
بەیاننامەی ڕێكخراوی لانەی مناڵانی كوردستان
لەیـــادی 1-6 رۆژی جــەژنی جیهانی منـــاڵان
لەم یادەدا زۆربەی ووڵاتانی جیهان ئاهەنگ بۆمناڵان دەگێڕن، رێكخراوەكەمان پیرۆزبایی لەسەرجەم مناڵانی جیهان و عێراق وكوردستان دەكات، خوازیارەمناڵان لەسەرتاسەری جیهان ئارام ترو بەختوەرتربن و تەواوی مافەكانیان بەرجەستە بكرێت . 
دایكان باوكانی ئازیز، یەكەم پێگەو لانەی مناڵ بۆ پەروەردەكردن وفێركردنی مناڵ خێزانە . بۆیە بەرپرسیارێتی جددی دەكەوێتە ئەسۆی ئێوەی گەورە، بۆیە خوازیارین پەروەردەیەكی باش وكەشێكی ئارام بۆ مناڵان دابین بكەن وداوای پاڵپشتی حكومەت پەروەردیاران دەكەین بۆ بەرێوەبردن ودابینكردنی دەرماڵەی مناڵ. كەبگونجێت لەگەڵ داهاتی تاكەكەس بەپێی بوجەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان وراستەوخۆ بگاتە بە مناڵان .
پەروەردیاران خوازیارانی ئایندەیی ئارام بۆ مناڵان ...  لەكاتێكدا زۆربەی ووڵاتان سەرگەرمی ئاهەنگ گێڕانن بۆ مناڵان، لەكوردستاندا دایكی مناڵ دەكوژرێت وچارەنوسی مناڵانیان لەگەڵ كێشەكانیاندا دیزە بەدەرخۆنەیی پێدەكرێت. لەكاتێكدا هەندێك لەمامۆستایان و قوتابی توندوتیژی بەرامبەریەكتری ئەنجام دەدەن و مامۆستایان و بەخێوكارانی خوێندكاران رووبەرووی یەك دەبنەوە , وەزارەتی پەروەردەو بەرێوەبەرایەتی پەروەردەكان خۆیان دەخەنە سەر بێدەنگی.
حوكومدارانی هەرێمی كوردستان ... تائیستا تەنها (37) ووڵات بەیاسا رووبەرووی ئەوكەس ولایەنانانە دەبنەوە كەتوندوتیژی دژبەمناڵان ئەنجام دەدەن ویاسایی تایبەتیان بۆ دەركردوە. ئەگەرچی لەساڵی 1994 حكومەتی عێراق واژوی لەسەر رێكەوتنامەی جیهانی مافەكانی مناڵان كردوە، تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسایەكی دژی قەدەغەكردنی توندوتیژی مناڵان دەرنەكردوە ! مناڵان لەهەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی حیزبەكان وزۆربەی یادەكاندا بەكاردەهێنرێن یان هیچ نەبێت رێگری ناكرێن لەبەكارنەهێنانیان لەبۆنە سیاسیەكاندا ، كەچی هەڵوێستێكی جددی لای حیزبەسیاسیەكانەوە بەرامبەر بێ مافی مناڵ نیە؟. ژنان ودایكی مناڵان كورسیەكانی پێشەوەی دانیشتنەكانیان پێدەرازێنەوەو لەناوەندەكانی بڕیاردا لەدواوەن. بۆیە لەم یادەدا داوا دەكەین مناڵ و ئەوەی پەیوەندی بەكەشی ئارامی مناڵ و ماڵەوە هەیە پەرلەمان وحكومەتی هەرێمی كوردستان وقزایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجددی بیربكاتەوەو هەنگاوی كرداری بنێ بەیاسا وجێبەجێكردنی لەبەرژەوەندی مناڵ. بۆیە ڕوودەكەینە بەرێزانی كابینەی هەشت، ئەگەر بەدوای گۆرانكاری وپێشكەوتنا وێڵن ، ئەگەر ووڵاتێكی ئارام ودادپەروەر و یەكسان دەخوازن ، ئەگەر خواستانە پێكەوە بەئاشتی بژین ، جیاوازی رەگەزی وئاینی ونەتەوەی كەمبكەینەوە.. ئەوابەجددی بیرلەجێبەجێكردنی رێكەوتنامەی جیهانی مافی مناڵ بكەنەوە تائایندەی ووڵات ئارم ترو گەشاوەو پێشكەوتووتربێت. كە گومانی تێدانیە(مرۆڤەبچوكەكان)ڕۆڵ دەگێرن لەداهاتوودا لەسەرجەم بوارەكانی ژیان و بەڕێوەبردن.

دووبارە پیرۆزبیت  رۆژی جەژنی جیهانی مناڵان
ڕێكخراوی لانەی مناڵانی كوردستان



AM:11:42:01/06/2014