خانەوادەی لالەحەمە سەنگەریەوە: رێگا نادەین بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان لەسلێمانیەوە بێتەوە سەر کارەکەی

خانەوادەی رۆژنامەنووس سەنگەر لالەحەمە روونکردنەوەیەک بڵاودەکەنەوەو بەرێوەبەری تەندروستی گەرمیان بە کەمتەرخەم لە مردنی کورەکەیان ناوزەد دەکەن و دەڵێن رێگانادەین بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

 
دەقی روونکردنەوەکە.. 


ڕونکردنەوەیەک لەخانەوادەی لالەحەمە سەنگەرییەوە 
سەبارەت بەگیان لەدەستدانی هێرش سەنگەری


 بەداخەوە ئەمڕۆ جوانەمەرگەی کوڕمان لەتەمەنی٣٧ ساڵیدا بەجێیهێشتین و بۆئەبەد کەلار و گەرمیانی چۆڵکرد، ئەم کۆچەی هێرش بۆ ئێمەی کەسوکار کەمەرشکێن و بەئازارە بۆ وەسەتی ئیعلامی ئەم ناوچەیەش کەلێن وبۆشایی پڕنەکراوەیە، بەپێویستی دەزانین بەڕوون و ڕەوانی قسەی خۆمان لەسەر کەمتەرخەمییەکانی سێکتەری تەندروستی بنووسین و مەرجی خۆشمان بخەینەڕوو خۆئەگەر مەرجەکانمان قەبوڵ نەکرێت ئەوا ڕێگا نادەین ئەو کابرایە لەسلێمانییەوە بێتە گەرمیانی لانکەی ئەنفال و شەهیدان و قوربانیدان و باکی بە لەناوبردنی ژیانی خەڵکەکەی نەبێت و خەڵکی بەشمەینەتی ئەم ناوچەیە بەبەرچاویانەوە ڕۆڵەکانیان ببنە قوربانی بەڕێوەبردن و بڕیاری سەقەتی بەرپرسانی ئەو سێکتەرە. 


لەبەرواری ١٠ی ٦ی ٢٠٢٠ باوکمان کۆچی دوایی کرد ئەوپیاوەی کە تا ژیان ئاواییکرد ئامادە نەبوو وەک خەڵکی دیکە ملی ڕێگای هەندەران بگرێتەبەر بۆ چارەسەر ئامادە نەبوو ماندوێتییەکانی ماڵەوە بگۆڕێتەوە بە منەت و شاباشی ئەم و ئەو، باوکم تا ژیا لەسەردەمی پێشمەرگایەتی و شاخەوە تەنگە نەفەس بوو هەر بەو شێوەیەش مایەو تا مرد بەئاوازی دەنگی هەناسە تەنگیەکەیەوە ڕۆژمان ئەکردەوە ئەفسووس لەکۆتا ساتەکانی ژیانیدا هانامان بردە بەر نەخۆشخانەی کەلار کە مەنچومەیەکی مونتەسیبی تەندروستی گەرمیانە کەچی لەو کاتەدا ئامادەیی ئەوەمان نەبینی بوتڵێکی ئوکسجین بنێرنە ماڵەوە بۆی ئاخری تا بوتڵەکەمان بە هەزار تەکلیف گەیاند باوکم وەفاتیکرد، بەداخەوە ئەمڕۆ ٦ی١٠ کاکە هێرشی کوڕمان بەهەمان تراژیدیا دڵە گەورەکەی لەلێدان کەوت.


 جێی باسە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە دوای ئەوەی ٢ جار پەیوەندیمان پێوەکرد جەنابی د. سیروانی مدیری صحەی گەرمیان تەلەفۆنەکەی هەڵنەگرتین پاشان ٥ی ئەم مانگە واتە ٣ڕۆژدوای ئەو بەروارە جارێکیتر پەیوەندیمان پێوەکرد و تەلەفۆنەکەی هەڵگرت و پێمان ڕاگەیاند کە ئیمە کوڕی لالەحەمە سەنگەرین هێرشی برامان تەنگە نەفەسە پێویستمان بە ئۆکسجین و ئەمبوڵانسە کەچی جەنابیان بە ٢ دێڕ وەڵامیان داینەوە بەم جۆرە من نە ئۆکسجین ئەدەم و، نەکەس ئەنێرم بۆ ماڵەوە بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشەکەتان، وە نە ئیسعافیشتان پێئەدەم بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکەتان بۆ سلێمانی لەوێدا ڕەنجبێوەری نیشتیمانپەروەران و تێکۆشەرانمان کەوتەوە بیر ئەم دەنگەی سیروانی تەندروستی هەتا ئیستاش لە گوێماندا ئەزرینگێتەوەو گیان لەدەستدانی هێرش سەنگەری ئەهێنێتەوە پێش چاومان. 


لەکۆتاییدا داوادەکەین ئەو بێحورمەتییەی بەرامبەر هاووڵاتیانی گەرمیان وکەسوکاری قوربانیان و پێشمەرگە دێرینەکان ڕابگیرێت گەرنا بەهیچ شێوەیەک قەبوڵی ناکەین خەڵکانێک ماڵی حکومەت بە میزاج بەکاربێنن بۆ نیاز و مەرامی شەخسی تکایە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا با سیروان دەست لەکاربکێشێتەوەو بڕواتەوە بۆ شارەکەی خۆی یان وەکو ووتمان ڕێگانادەین بچێتە سەرکارەکەی و دەرگای ژوورەکەی لێدادەخەین.

خانەوادەی لالەحەمە سەنگەری ٦ی ١٠ی  

 


PM:11:17:06/10/2020