رۆژههڵاتی كوردستان.. چوار تۆمهتبار سزای پهڕاندنی دهستیان بهسهردا سهپێنرا
چوار تۆمەتباری خەڵکی شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و ئورمیە لەلایەن دادگای منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیەوە سزای پەڕاندنی پهنجهی دەستیان بە سەردا سەپاوە کە سزای دوو کەسیان لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا سزای پەڕاندنی پهنجهی دەستی راستی دوو بەندکراوی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی کەرەج بە ناوەکانی مێهرداد تەیمووری، ٣٠ ساڵ و شەهاب تەیمووری، ٣٥ ساڵ، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ئیرەج خەتیبی، رۆژی ٦ی كانوونی یهكهمی ٢٠١٨، به تۆمەتی دزی لە شارۆچکەی مەلارد سەر بە پارێزگای کەرەج دەستبەسەر و مانگی ئابی ٢٠١٩، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی یەکی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ئورمیە بە تۆمەتی دزی کردن سزای پەڕاندنی چوار پهنجهی دەستی راستیان بە سەردا سەپا.
مانگی خاکەلیوەی ئەمساڵ لقی ٢٤ی دیوانی بەرزی وڵات سزای پەڕاندنی چوار پهنجهی دەستی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری، وەک خۆی پەسەند کرد و سزای ئیرەج خەتیبی شیاوی هەڵوەشێندراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ئارەش عەلی ئەکبەری، بە تۆمەتی دزی لەلایەن لقی دووەمی دادگای تاوانەکانی یەکی ئورمیە سزای پەڕاندنی چوار پهنجهی دەستی راستی بە سەردا سەپاوە.
ئارەش عەلی ئەکبەری، تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی منداڵێکە کە مانگی ئهیلولی ٢٠١٩، بە تۆمەتی دزی لە ئورمیە دەستبەسەر و مانگی ئابی ٢٠٢٠، سزای پەڕاندنی چوار پهنجهی دەستی راستی بە سەردا سەپاوە.
ئەو تۆمەتبارە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و دوای سەپاندنی سزاکە و تانەی ناوبراو، دۆسیەکەی بۆ دیوانی بەرزی وڵات بەڕێکراوە.
AM:09:39:07/10/2020