وادەی گەیشتنی پارەکەی بەغدا بۆ هەرێم ئاشکرا کرا

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لەسەر بەڵێنی مستەفا كازمی، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە رەوانە بكرێت". 

 

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ڕایگه‌یاند" جیا لەهەر سەردانێکی حزبیی و لەم سەردانەدا بۆ بەغدا کە بە سوپاسەوە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامماندا، دوو دەستکەوتی زۆر گرنگمان بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستهێنا ".

ناوبراو ڕاشیگەیاند" لە دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیان له‌دوو خاڵ كردۆته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م خاڵیان ده‌ڵێت" داوایانكردووه‌ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەزوویی ڕەوانە بکرێت چونکە دۆخی گوزەرانیان خراپە و نابێ هیچ بارودۆخ و کێشەیەک ببێتە هۆی ڕاگرتنی" .

هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی‌" بەخۆشحاڵییەوە تەنها ڕۆژێک دوای ئەو کۆبوونەوە و داواکارییە، وادەی ناردنی بودجەی دیاریکرا و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕی ٣٢٠ ملیاری موچەی فەرمانبەران و لەسەر بەڵێنی بەڕێز کازمیی ڕەوانە بکرێت" .

سه‌باره‌ت به‌خاڵی‌ دووه‌میش ناوبراو ده‌ڵێت "پارەی گەنمی جوتیاران کە بڕەکەی ٥٧٦ ملیارە و سەرۆک وەزیران بەڵێنی دا کە قۆناغ بە قۆناغ ئەو شایستە داراییەی جوتیاران ڕەوانە بکات کە هی ساڵانی پێشووە و دەمێکە جوتیاران چاوەڕێی وەرگرتنی دەکەن ".

عه‌بدولستار مه‌جید پێیوایه‌ "ڕێگای چارەسەری کێشەی کورد و هەرێمی کوردستان بەغدایە نەک وڵاتی دیکە، هیوادارین توانیبێتمان کەمێک لە ئەرکی سەرشانمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و جوتیاران و فەرمانبەران بەتایبەتی جێبەجێ کردبێت". 

 

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ په‌روین نورى بەڕێوەبەری گشتی بودجە لەوەزارەتی دارایی حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، "هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ دابەشكردنی موچە تەواوكردوەو داهاتی ناوخۆمان كۆكردۆتەوەو لیستی موچەشمان بەلێبڕینی ١٨% ئامادەكردوە". 

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات، بەڵام دواکەوت بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو. 



PM:07:31:07/10/2020