وەزارەتی پەروەردە دەستکردن بە دەوامی فەرمی لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن راگەیاند

وەزارەتی پەروەردە دەوامی فەرمی لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ راگەیاند و بەپێی ئەو بڕیارە لە سبەی شەممە ٩ ی تشرینی یەکەمەوە دەوامی فەرمییە.

 
لە راگەیاندراوێکدا کە وەزارەتی پەروەردە کەمێک لەمەوبەر بڵاویکردەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات رۆژی شەممە  ، ڕێکەوتی ۱۰ ی ۱۰ ی ۲۰۲۰ ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی".


راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە :

 
رۆژی شەممە  ، ڕێکەوتی ۱۰ ی ۱۰ ی ۲۰۲۰ ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی ، دەستخۆشیی و سوپاسمان هەیە بۆ ڕۆڵی مەزنی مامۆستایان ، جەخت دەکەینەوە  لە :
۱ـ قۆناغی ۱ و ۲ ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان  دەوام دەستپێدەکەن. 
۲ـ لەو قوتابخانانەی کە لەگوندەکانن و هێڵی ئەنتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە ، کە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان وئیدارەکان دیارییان کردوون ، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان ، لە گشت ئاستەکان وقۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناو پۆل دەستپێدەکەن. 
۳ـ قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی ، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی :
www.ewane.krd 
قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی یەی کە لە قوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیان دەدرێت بەکاری دەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان ، لە هەمان کاتدا قوتابیانی ئەم قۆناغانە بە سێ رێگا دەتوانن لە پەیوەندی بن لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستایانیان : 
یەکەم : کارگێری قوتابخانە خشتەیەک  دادەنێن بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو قۆناغانە ( ۳ تا ۱۱) دیداری قوتابخانەیان هەبێت و بە گروپی (٥ تا ٦ )قوتابی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە ، لە قوتابخانە مامۆستای بابەت بەدواداچوون دەکات بۆ بەکارهێنانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و شرۆڤە کردنی هەر وانەیەک کە قوتابیان پێویستیان بێت لەبابەتەکانیان و پاڵپشتی زانستیان.
 دووەم : لە ناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە پەیوەندی بن .
 سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان  دەتوانن کە لە ڕێگای هەر بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن ( گروپەکانی ڤایبەر ـ واتس ئاپ ـ تێلیگرام ) یان هەر بەرنامەیەکی دیکە لە پەیوەندی بن. کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی بە بەردەوامی وانەکانی قۆناغی ۳ ی بنەرەتیی تا ۱۱ ی ئامادەیی پەخش دەکات. 
٤ـ قوتابخانە نێودەوڵەتییە  ناحکومیەکان ، بۆ ئەو بابەتانەی  پێویستیان بە ئامادەسازیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی هەیە دەتوانن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل تەنها بۆ ئەو قۆناغانە کاربکەن .
٥ـ قوتابخانە ناحکومییە لوکاڵیەکان هەمان رێنمایی قوتابخانە حکومییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت. 
٦ـ قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی ۱۰ ی ئامادەیی ، پاش دیاریکردن و هەڵبژاردنی بەشەکانی ( زانستی ـ وێژەیی ـ  پیشەیی ) دەست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەن ، ئەمەش لەماوەی هەفتەی یەکەم پێویستە لە قوتابخانەکان یەکلایی بکرێتەوە کە قوتابی چ بەشێکی هەڵبژاردووە. 
۷ـ سەرپەرشتیاران رۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینن لە بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ئەو شێوازەی بۆ خوێندنی ناو پۆل و دیداری مامۆستایان لە گەڵ گروپی (٥ تا ٦ ) قوتابی هەیە. 
٨ ـ وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە لەوەی کەئەو شێوازی دەوامکردنە و پشت بەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناغەدا بۆ سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و رودانی کەمترین بەریەککەوتن و نزیک بوونەوەیە ، لەگەڵ باشتر بوونی ڕەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی .  
   بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان


ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە 
           ۹ی ۱۰ی ۲۰۲۰

 


PM:03:16:09/10/2020