قوباد تاڵەبانی: به‌پشتگیری‌ هه‌ردوو برای‌ هاوسه‌رۆكم روبه‌ڕووی‌ ڕیگره‌كان ده‌بینه‌وه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بارەی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ له‌ سۆشیال میدیا دروستبووه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایدەگەیەنێت" من له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتی سێ براین و هیچ هێزێك نییه‌ بتوانێت رۆژێك له‌ رۆژان درز بخاته‌ نێوان برایه‌تیمانه‌وه‌". 

 

قوباد تاڵەبانی جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لە پەیامێکیدا بە ناونیشانی "بۆ خەیاڵ خاوەکان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاکردەوەو ڕایدەگەیەنێت" ماوەیەکە هەندێک پەیج و سۆشیال میدیای ئاراستەکراو بە لێکدانەوەی چەوت بۆ وتەیەکی من کە بۆ یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی باوکم نووسیبووم، دەیانەوێت بە خەیاڵی خاوی خۆیان وا نیشان بدەن بەریەككەوتن هەیە لەنێوان من و شێخ لاهوری هاوسەرۆک و برا و هاوڕێمدا".

 

جێگری سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا ئاشکراشیکردووە، پێشتریش وتوومە و ئێستاش دووپاتی دەکەمەوە کە، ئێمە سێ براین و هیچ هێزێک نییە بتوانێت رۆژێک لە رۆژان درز بخاتە نێوان برایەتیمانەوە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا بە پشتگیری هەردوو برای هاوسە‌رۆكم ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەرک و پلانەکانمان لەناو حکومەت و پلان و ستراتیژەکانمان لەناو یەکێتی.



PM:03:06:10/10/2020