دەنگەکانی داکۆکی کار لە شێروان شێراونی لە هەڵکشاندایە
فراکسیۆنی گۆڕان: ژیانی شێروان لە مەترسیدایە

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت " ژیانی ڕۆژنامەنووس شێراوان شێروانی، کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە پەدەکە-وە دەستگیر کراوە لە مەترسیدایە" ئەو فراکسیۆنە داوا لە حکومەتی عێراق و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و باڵیۆزی وڵاتان دەکات، کە دەستوەردانی خێرا بکەن لە دۆسیەی دەستگیرکردنی شێروان شێروانی.


فراکسیۆنی گۆڕان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕایگشتی عێراق و دەرەوەوە دەڵێت " ئازادی بیروڕا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مامەڵەی پۆلیسی دەسەڵاتی ئێستای هەرێمەوە دابەزیوەتە نزمترین ئاست، هەڵمەتی ئەمدواییەی دەستگیرکردن، کە هێزەکانی سەربە پارتی جێبەجێیان کرد، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانیان دەستگیر کردووە، ئەوانەی دەستگیرکراون گوزارشتیان لە بۆچونی خۆیان کردووە و ڕەخنەیان گرتووە لە دۆخی خراپی هەرێم و کاریان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵکاران کردوو".


فراکسیۆنی گۆڕان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە " لەنێو ئەوانەی دەستگیرکراون، (شێروان شێروانی) هەیە کە دەنگێکی ئازایە لە پارێزگای دهۆک،  شێروان شێروانی بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی دەستگیرکراوە، لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە تۆمەتی بۆ داتاشراوە بەوەی لایەنێکی دەرەکی دەیجوڵێنێت و هانی دەدات بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێم و سوکایەتیکردن بە هەندێک کەس، لایەنێکی فەرمی دەڵێت شێروان خۆی دانی پێدا ناوە، ئەم شێوازە مامەڵەکردنە وا دەکات نیگەران بین لەبارەی دۆخی ئەو ڕۆژنامەنووسەوە، چونکە دانپێدانانەکەی بەواتای ئەوەدێت ڕووبەڕووی چەندین جۆر ئەشکەنجە بووەتەوە".

 

 
فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەڵێن" ڕایگشتی عێراق و جیهان ئاگاداردەکەینەوە ژیانی شێروان شێروانی لەمەترسیدایە، داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی عێراق و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراو و باڵیۆزخانەکان دەستوەردانی خێرا بکەن و فشار بخەنەسەر حکومەتی هەرێم بۆ ئازادکردنی".

 


AM:12:06:13/10/2020