لەرۆژئاوا پەیەدە دەڵێت ناکرێت
ئەلپارتی دەلێت پەیەدە رێگری ناکات

‌ئاژانسەکان
بەپێی هەواڵەكانی ئاژانسی فراتنیوزی نزیك پەكەكە‌و پەیەدە، هێزەكانی ئاسایش‌و خەڵك لەرۆژئاوای كوردستان نەیانهێشتووە سندوقەكانی دەنگدان لەشارەكانی رۆژئاوا دابنرێت‌و پرۆسەكە ئەنجام بدرێت.
فراتنیوز بڵاویكردەوە له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری سوریا، هێزه‌کانی رژێمی سوریا سندوقی پڕ له‌ ده‌نگی ساخته‌یان بۆ شار و چه‌ند هه‌رێمێکی شاری قامیشلۆ و حه‌سه‌که‌ی رۆژئاوای کورستان بردووه‌ که‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی رژێمدایه‌.
ئاژانسەكە دەڵێت" راگه‌یه‌ندرا که‌ گه‌لی هه‌رێمه‌کان نه‌چوونه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و هێزه‌کانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م سندوقه‌کانی ده‌نگی ساخته‌دا گرتوه"‌ .
بەپێی هەواڵەكە هێزه‌کانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیش ئه‌و سندوقانه‌یان له‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌نگدان ده‌ست به‌سه‌ردا گرتوه‌.
هەروەها فراتنیوز بڵاویكردۆتەوە له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاری کۆردیناسیۆنی گشتی هه‌ر سێ کانتۆنی رۆژئاوای کورستان(عه‌فرین، جزیره‌ و کوبانێ) رێگه‌ نه‌درا سندوقی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری سوریا له‌ کۆبانێ دابنرێن .
ئەو ئاژانسە بڵاویكردەوە كە‌ مه‌حمود بشار وته‌بێژی فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی به‌رێوه‌به‌ری کانتۆنی کوبانی رایگه‌یاند که‌ له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌که‌ی کۆردیناسیۆنی گشتی هه‌ر سێ کانتۆنی رۆژئاوای کوردستاندا رێگریان له‌ دانانی سندوقی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری سوریا له‌ هه‌رێمه‌که‌دا کردوه‌ .
ئەوان دەڵێن بە هۆی ئه‌وه‌ی به‌ ملیۆنان هاوڵاتی سوریا ئاراوه‌کراون و سه‌دان هه‌زار مرۆڤ له‌ ئاڵۆزییه‌کاندا کوژراون، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هیچ ره‌وا بوونێکی نییه‌ و ده‌بێته‌ هۆکاری به‌رده‌وام بوونی رژاندنی خوێنی هاوڵاتیان .
لەلایەکی ترەوە ئەلپارتی کە پارتێکی بەرهەڵستکاری پەیەدەیە لە رۆژئاوا دەڵین ئەو هەڵبژاردنە لە رۆژئاوا ئەنجامدراوە، بەشار ئەمین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا به‌ سایتی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان وەكو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناكەن و پەیەدەش باسی لەوە دەكرد بەشداری ناكەن، بەڵام كانتۆنەكانی ئەوان پێچەوانەی بڕیارەكەیان بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا كردووە.
بەشار ئەمین گوتیشی: لە تەواوی شارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا سندووقی دەنگدان دانراوە و تەنها لە پارێزگای جەزیرە نزیكەی 700 سندووق هەن و بەرپرسەباڵاكانی ئەوانیش هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و خەڵكیان سەرپشك كردوە لە بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا گووتیشی ‌پەیەدە بە خەڵك دەڵێت ئێوە ئازادن بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن، واتاكەی ئەوەیە كە بەشدار بن، ئەگەر نا رێگرییان دەكرد سندووقی دەنگدان دابنرێت‌.




PM:03:57:03/06/2014