هەڵبژاردەی کوردستان گەیشتە قۆناغی داهاتوو



ئەمڕۆ سێشەممە كاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان ، تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەی كوردستان لە نێو یاریگەی جامیت كرافت ئارینا روبەڕووی هەڵبژاردەی تامی ئیلام بووە و بە ئەنجامێكی گەورە و بە 9-0 گۆڵ سەركەوتنی بەسەردا تۆماركرد.


 دوای پێشاندانی ئاستێكی بەرز لەلایەن یاریزانانی كوردستان، لە ئەنجام 9 گۆڵیان تۆماركرد، گۆڵەكانیش لەلایەن یاریزانان فەرحان شوكر 3 ، ئەحمەد سالار 2 ، یاریزانان ئاراس موستەفا ، یونس شكور ، نێچیرڤان شوكری ، عەلی عەزیز هەریەكەو گۆڵێكیان تۆماركرد.


یاریزانانی تیپی كوردستان لەگەڵ دەستپێكی فیكەی ناوبژیوان تا دوا خولەك پاڵەپەستۆیان لەسەر گۆڵی هەڵبژاردەی تامی ئیلام دروست كردبوو ، ئەوانیش تەنیا 2 هێرشیان بردە سەر گۆڵی كوردستان كە نەبووە هۆی تۆماركردنی تاكە گۆڵێكیش.


لە گێمی یەكەمی یارییەكە هەڵبژاردەی كوردستان پێنج گۆڵیان تۆماركرد هەروەها لە گێمی دووەمیش چواری دیكەشیان خستە سەر و گۆڵبارانی تیپی بەرامبەریانكرد.


بەم ئەنجامەش كوردستان بۆ قۆناغی هەشتەمی پاڵەوانیەتییەكە سەركەوت و هەڵبژاردەی تامی ئیلامیش لە پاڵەوانیەتییەكە چووە دەرەوە.


سبەی چوارشەممەش لە كاتژێر 8شەو بەكاتی كوردستان روبەڕووی یەكەمی گروپی چوارەم دەبێتەوە كە ئەویش هەڵبژاردەی ئیلام ڤانینە.

شەماڵ دیلان - نێردراوی لیژنەی رۆژنامەنوسانی وەرزشی كوردستان – سوێد



PM:08:10:03/06/2014