" سپی " زانیاری ورد لەسەر ئەو کەسە بڵاودەکاتەوە میتی تورکی لەهەرێمەوە رفاندبوویان

ئەو کەسەی ناوی ( فورات بۆتان )ەو دوێنێ میتی تورکیا بڵاویکردەوە بەرپرسی پەکەکەیەو بە دەستگیرکراوی لەهەرێمی کوردستانەوە گەڕاندیانەوە تورکیا، هیچ پەیوەندیەکی بە پەکەکەوە نییە. " سپی " زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە.

 

 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە " سپی " راگەیاند ئەو کەسەی دوێنێ میتی تورکی بڵاویکردەوە لە هەرێمی کوردستان دەستگیریکردووەو رفاندوویەتی بۆ تورکیا، " ئەو دەستگیرکراوە کەسێکی ئاسایییەو خەڵکی باکورەو، گەریلای پەکەکە نییەو هیچ پەیوەندیەکیشی بە پەکەکەو رێکخراوەکانیەوە نییە".

 

 
دەربارەی راگەیاندنی دەستگیرکردنی ئەو کەسەو گەورەکردنی لە میدیاکانی تورکیادا، سەرچاوەکەی پەکەکە وتیشی " ئەوە هەر سیاسەتێکی پڕوپاگەندەی حکومەتی تورکیایە کە دەیانەوێت ئەوە پێشان بدات کە دەتوانن لە هەرێمی کوردستان خەڵک دەستگیربکەن و بیگوازنەوە بۆ تورکیا".

 

 
فورات بۆتان، خەڵکی باکوری کوردستانەو ماوەی دوو ساڵە لە باشوری کوردستانەو ماوەیەک لەهەولێر ژیاوەو دواتر چۆتە سلێمانی و، لەم شارە میتی تورکی رافاندوویانە و گواستوویەتەوە بۆ تورکیا.

 

 

تا ئێستا حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

 

 
دوێنێ میدیای فه‌رمی توركیا بڵاویکردۆتەوە" تیمه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی میت، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا لە باکووری عێراق و دوای ده‌ستنیشانكردنی شوێنی مانه‌وه‌ی فه‌رهاد ته‌كینه‌ر به‌نازناوی "فورات بۆتان" كه‌ گه‌ریلایه‌كی په‌كه‌كه‌-یه‌ و له‌ لیستی داواكراوانی توركیایه‌، دەستگیریی کردووە و گواستراوەته‌وه‌ توركیا." 
 
 
میدیای تورکیا ژمارەیەک تۆمەتی خستۆتە پاڵ و ئەو دەساتگیرکراوە، لەوانە" فه‌رهاد ته‌كینه‌ر به‌رپرسیاربووه‌ له‌ كوشتنی 14 سه‌رباز و برینداركردنی 56 سه‌ربازی دیكەی‌ تورکیا لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە.  رۆژی 17-12-2016 دوو پاسی نه‌فه‌رهه‌ڵگر كه‌ سه‌ربازی سوپای توركیایان ده‌گواستنه‌وه،‌ دوای ده‌رچوونیان له‌ بنكه‌ی مه‌شق و راهێنان له‌ شارۆچكه‌ی مه‌لیك گازی سه‌ر به‌ پارێزگای قه‌یسه‌ری، لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو کرانە ئامانج ‌. له‌ ئه‌نجامدا 14 سه‌رباز كوژران و 56 سه‌ربازی دیكه‌ش به‌سه‌ختی برینداربوون".    


 
 

 


AM:10:09:24/10/2020