دابەشکردنی نەوت لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد

بەرپرسی دابەشکردنی سوتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت" دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا بەردەوامی هەیە و لە دەڤەری سیدەکان نەوت دابەشکرا و بڕیارە هەر خێزانێک 220 لیتر نەوتی سپی بە بڕی 44 هەزار دینار پێ بدرێت". 

نەبەز فەقێ، بەرپرسی دابەشکردنی سوتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە دوای سیدەکانیش لە سنووری حاجی ئۆمەران و ناحیەی سمیلان و قەزای چۆمانیش دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی کردووە، لە یەکەم ڕۆژدا بەشێوەیەکی بەرفراوان پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێ و لە سنووری قەزای چۆمان 8 هەزار و 434 خێزان نەوتی سپیان بەسەر دابەش دەکرێت و لەدوای دەڤەری باڵەکایەتیش لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و بلێ و بارزان دەست بە پڕۆسەکە دەکەین، چونکە ناوچە شاخاویەکان لە ئەولەویەتی کارەکانمانە بۆ ئەوەی پێش هەموو ناوچەکان نەوتی سپیان پێبدرێت". 

بەرپرسی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سنووری پارێزگای هەولێر وتیشی" هەر خێزانێک بڕی 220 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت بە بڕی 44 هەزار دینار". 

ئاشکراشیکرد، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەردەوامی دەبێت و لە دوای سنووری مێرگەسۆریش ڕوو لە سنووری قەزای ڕواندز و  ناحیەکانی خەلیفان و دۆڵی بالیسان و سنووری شەقڵاوە و هەریر و باسرمە دەکەین و دواتریش شوێنەکانی دیکە نەوتیان پێ دەدرێت.

PM:08:41:27/10/2020