فراکسیۆنی گۆڕان یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد لەبارەی گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە، داوا دەکەن کە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و کۆتایی بە بارگرژییەکانبهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، بەداخەوە کە ماوەیەکە هەست بە گرژی و ئاڵۆزی سیاسی و چەکداری دەکرێت لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی باکوری کوردستان کە خەریکە پەرەدەسێنێت بۆ شەری براکوژی و شەری کوردو کورد کە بێگومان ئەمە کاریگەری خراپ دەکاتە سەر رەوشی سیاسی و ئابوری و ئارامی لە هەرێمەکەمان و پێگەی کورد لە ناوچەکە.
ئەوەش هاتووە، فراکسیۆنی گۆران بە نیگەرانیەکی زۆرەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت و بۆچونی وایە شەری براکوژی "شەڕێکی نەگریسی تاقیکراوەی بێ ئەنجامە کە هەمیشە بە بەرژەوەندی دوژمنان و زیانی میلەتەکەمان کۆتایی هاتوە".
فراکسیۆنی گۆڕان داوادەکات کە پەرلەمانی کوردستان وەک چۆن لە رابردودا شەری ناوخۆی قەدەغەو تەحریمکردوە ئێستاش رۆڵی مێژویی خۆی بگێڕێت بۆ کۆتایهێنان بەو گرژی و ئاڵۆزیانە، لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ لای لایەنەکان و هاندانیان بۆ گرتنەبەری رێگەی گفتوگۆ ودیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان و راسپاردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانیانە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان و چارەسەری بنەرەتی کێشەکان.