گەورەترین مزگەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسلێمانی دروستدەكرێت

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دەڵێ لەلایەن خێرخوازانەوە لەسلێمانی گەورەترین مزگەوت دروستدەكرێت كە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراقیش لەگەورەیدا یەكەم دەبێت.

لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم بە PUKmediaی راگەیاند: لەشاری سلێمانی گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستدەكرێت، بەبێ ئەوەی كاتی دروستكردنی ئەو مزگەوتە ئاشكرابكات.

بەپیی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار و سەد مزگەوتی تێدایە و بەوەیش لە شارەکانی مەککە و مەدینە زیاتر مزگەوت هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی مەریوان نەقشبەندی پێشتر وتبووی: "لە ھەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی رابردووەوە تائێستا، ١٠٠٠ مزگەوت دروستکراون، ٧٠٠ یان لە لایەن خەڵکانی خێرخواز و سێ سەدیان لە لایەن حکومەتەوە دروستکراون."



AM:11:38:06/06/2014