ئەحمەد حاجی رەشید: شیعەکان پێیانووتین بێ رادەستکردنی نەوت چیتر پارە نییە



ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی تێپەڕاندنی یاسایی قەرزەوە لە پەرلەمان، دەڵێت " شیعەکان پێیانووتین بێ رادەستکردنی نەوت چیتر پارە نییە".

 
لە روونکردنەوەیەکدا ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری کورد لە لیژنەی دارایی دەڵێت " تۆماری دانیشتنەکانی لیژنەی دارایی هەن، ئەوەی پێمانکراو لە دیفاع و شەڕ لەسەر ۳۲٠ ملیارەکە کردمان".


ئەو دەشڵێت " کوتلە شیعیەکان ئێجگار توندبوون، دەیانگوت دوو ساڵە بێ ناردنی یەک بەرمیل نەوت پارە دەنێرین و نیەت باشی نیشان ئەدەین ئیدی بێ نەوت پارە نییە، وتیان هەڵبژاردن لە پێشە و خەڵکەکەمان قبوڵی ناکات".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات، خالد شوانی دوێنێ بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم چۆتە لیژنەی دارایی، دەقی نامەیەکی حکومەتی هەرێمی خوێندەوە کە لە ۱۸ ی ۱٠ ی ۲٠۲٠ ناردویانە بۆ حکومەتی عێراق و دەڵێن: ئیلتیزام دەکەین بە ناوەرۆکی رێکەوتنەکەمانەوە. 

 
ئەحمەدی حاجی رەشید پێشنیار دەکات " ئەگەر هەرێم بە پەلە وەفدێک بنێرێتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بکەونە گفتوگۆ و پابەند بن بە ناوەرۆکی یاسای قەرزەوە دەتوانن لەبری ۳۲٠ ملیارەکە زیاتر دەستبخەن. مەلەفی ئاڵۆزی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا هەردەبێ چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو هەنگاوە بنرێ".

 
ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی دەکات " ئەگەر هەرێم بۆ ئەو ۳ مانگە لە یاسای قەرزدا نەتوانێ بە پەلە نیەت باشی نیشانبدا و بەشێک لە نەوت و داهاتەکان نەگەرێنێتەوە ئەوا بۆ یاسای بودجەی ۲٠۲۱ کە بەمزوانە دەگاتە پەرلەمان کێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت. بۆیە ئێستا کاتی هەنگاوی فعلیە لە پێناو ژیان و موچەی خەڵکی هەرێم نەک هیچی تر".

 
لە کۆتاییدا دەڵێت " مەجالێکی فراوان بۆ دانوستان لەیاساکەدا هەیە، تیایدا هاتوە نەوتی هەرێم ئەو بڕەی شەریکەی سۆمۆ دیاری دەکات، هەریم دەتوانێ بڕوا لەگەڵ سۆمۆ بکەونە گفتوگۆ و لەسەر ئەو رێژەیە لە نەوت رێکەوتن بکەن کە دەتوانن بینێرن، ئاخر تاکەی نەوتی هەرێم بەدەست ئەشخاس و ئەحزابەوە ببێتە نەهامەتی بۆ خەڵک؟".

 


AM:11:08:12/11/2020