شاسوار عەبدولواحید: ئەو دوو بنەماڵەیە بەشەقیش لە بەغدا دەریان بکەن، ناڕۆن



سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت " کەس غەمی یەکێتی و پارتی و ئەو دوو بنەماڵە حوکمڕانەی هەرێم و دارودەستەکانیانی نەبێت، چونکە بە شەقیش لە بەغداد دەریان بکەن، ناڕۆن".


لەبارەی کێشەی کۆن و نوێی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە دوای یاسای قەرزەوە هاتۆتە ئاراوە، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت" ئەمانە کۆمپانیا و بزنس و  پارە وئیمکانیاتی باشیان لە بەغداد هەیە، بۆیە غەمتان نەبێت. جار جار لێرە قسەی زل و دروشمی قەومی دەوروژێنن، بەڵام درۆ دەکەن و بە جدییان نییە".


لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت "هەروەها نازانم بەشێکی میدیای کوردی و هەموو ئەو حیزب و سیاسیە کوردیانەی دوای پارتی کەوتن لە بەغداد، ئاگایان لە دنیا نییە، یاخود دەیانەوێت خەڵک گێل بکەن.


مەسەلەی ٣٢٠ ملیاری بەغداد هیچ پەیوەندی بە موچەی هاوڵاتییانی هەریمەوە نییە و هەر کەس وا دەڵێت، ئەوا درۆیەکی گەورە دەکات. چونکە لە ئێیستادا بە دوومانگ جارێک سێ روبعە موچەیەک دەدەن و داهاتی هەرێم بە تەنها (واتا بەبێ پارەی بەغداد) زۆر زۆر لەوە زیاترە".


شاسوار روونکردنەوەی زیاتر دەدات " بە کورتییەکەی هەمو داهاتی ناوخۆ و پارەی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و هاوکاری هاوپەیمانان،مانگانە دەگاتە نزیک یەک ملیار دۆلار(١،٢٠٠ ملیار دینار)، ئایا بە جدی حکومەت مانگانە بڕی ٣٤٠ ملیار دیناری نییە بۆ موچە؟ دەتانەوێت بەم قسە و خیتابە ساختەیە ئەو روبعە موچەیەش نەدەن و بیخەنە خەتای حکومەتی عێراق؟".


سەرۆکی نەوەی نوێ داوا لە هاوڵاتییان و هەرچی کەسایەتی و هێز و لایەنی ناڕازی هەیە، کە یەک بگرن و دەست لە ناو دەستی بنێن بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە و " بەم هەموو زوڵمەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، یەکگرتنمان چارەسەرە. پەرتەوازەییمان درێژەپێدەری زوڵمی پارتی و یەکێتییە".
 


PM:10:57:14/11/2020