هێزەكانی زێرەڤانی ئامادەباشی خۆیان راگەیاند

فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی لەبارەی بارودۆخی شاری مووسڵەوە ڕایدەگەیەنێت: "هەر فەرمانێك بۆ هێزەكانمان بێت لە پێناوی پارێزگاریكردن لە گیانی هاوڵاتیانی موسڵ، لە ئامادەباشیداین و فەرمانەكە جێبەجێ دەكەین".

بەپێی هەواڵەكانی بەشێكی زۆری ڕۆژئاوای شاری مووسڵ لەلایەن هێزەكانی داعشەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، لە ئێستادا شەڕوپێكدادان لە نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی داعش بەردەوامە و مەترسیی ئەوەیش دەكرێت ئەو شەڕە لە دیوی ڕۆژئاوای ئەو شارەوە بگوازرێتەوە بۆ تەواوی شارەكە.

 لەم بارەیەوە فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی عەزیز وەیسی، بەماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند "ئەو شوێنانەی سوپای زێرەڤانییان لێیە، هەموویان لە ئامادەباشیدان و هەماهەنگیی  باشیش هەیە لەگەڵ ناوچەكەدا و بۆ هەر حاڵتێكیش بروامان بە هێزی خۆمان هەیە".

وتیشی "بۆ بەشداربوون یان داخڵبوون بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیانی سڤیلی مووسڵ، بڕیارێكی سیاسی پێویستە و هەتا ئێستاش هیچ فەرمان و بریارێك بۆ ئێمە نەهاتووە تا چی بكەین و هەر فەرمانێكیش بێت، لە ئامادەباشیداین و جێبەجێی دەكەین".



PM:03:01:07/06/2014