دڵشاد شەعبان: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی داواكاری نەوتی هەرێمن

لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، رەتی دەكاتەوە ئەو كەشتییەی نەوتی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە رێگەی خۆی ون كردبێت و وتیشی لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی ئەورووپایی داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەن نەوتیان پێ بفرۆشێت، چونکە خواستی زۆری لەسەرە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دڵشاد شەعبان، بەماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: كەشتییە نەوتهەڵگرەکەی نەتی هەرێمی كوردستانی بار کردووە رێگای خۆی ون نەكردووە و گەیشتووەتە شوێنی مەبەست، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی لەمبارەیەوە بڵاو بوونەتەوە، لە راستییەوە دوورن.

دڵشاد شەعبان وتیشی: سبەی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیراندا كۆ دەبینەوە بۆ دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و پێویستە پەرلەمان لە هەموو وردەكارییەكانی پرۆسەی نەوت ئاگادار بێت لە دەستپێكی ئیمزاكردنی گرێبەستەوە تا فرۆشتنی.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتیەكان ڕوونیشی كردەوە: هەرێمی كوردستان لە رێگەی وڵاتی توركیاوە نەوت دەفرۆشێتە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمەیش لە رێگەی كۆمپانیای بوتاش توركیاییەوەیە، دواتر ئەو كۆمپانیایە گرێبەستی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەدا ئیمزا دەكات و ئەو كات نەوتەكە هەناردە دەكرێت.

شەعبان ئەوەیشی خستە ڕوو كە رێككەوتنی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 50 ساڵە كە رێككەوتنێكی نێودەوڵەتییە و توركیا ناتوانێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات.

هاوكات وتیشی: لە ئێستادا زۆر وڵات داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەن نەوتیان پێ بفرۆشن، زۆرینەیشیان وڵاتانی ئەورووپان، چونكە پێویستیان بە نەوت هەیە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، هەندێك سەرچاوەی هەواڵ بڵاویان كردووەتەوە كە ئەو كەشتییەی نەوتی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە، رێگەی خۆی ون كردووە و نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست و هەروەها بلاو کراوەتەوە کە مەغریب کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی لە بەندەری وڵاتەکەی دوور خستووەتەوە، گوایە گوشاری بەغدای بەسەرەوە بووە.



PM:04:05:07/06/2014