پسپۆڕێکی ناسراوی هەناو و سییەکان لەشاری سلێمانی هەواڵی بڵاوبوونەوەی سارس کە لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕشەوە بڵاوکرایەوە، بە ناڕاست لە قەڵەم دەدات.
د. کامەران قەرەداغی پسپۆڕی هەناوی و سییەکان لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لەهەژمارەکەی خۆی لە فەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت "ئەو دەنگۆیەی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لەکوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ شتێک لەو بارەیەوە لەکوردستاندا لەئارادا نییە".
ئەو پسپۆرە ئەوە دەخاتەڕوو کە " هیچ تاقیگەیەک نییە لەجیهاندا تاوەکو ئێستا ناتوانێت ژیناتی ڤایرۆسێک یاخود شتێکی نوێ لەسەر سارس و کۆڤید ئاشکرا بکات، ئەگەر تاوەکو هەمو ژیناتەکانی ئەو ڤایرۆسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شی نەکرێتەوە".
د. کامەران دەشڵێت، " سارس دیاردەی نەخۆشییە و ڤایرۆس نییە چونکە بەشێوەی کۆمەڵێک نیشانەی جیاواز جیاواز بەدەردەکەوێت و پێیدەوترێت سندرۆم".
ئەو پێوایە" سارسی یەک بوونی نەماوە و هەر کەسێک بانگەشەی ئەوە بکات ئەوا دوورە لەواقعیی زانستیەوە و ئەوەی کە ڕوویداوە پەیوەندی بەجۆرەکانی ئەنلفۆنزای وەرزییەوە هەبووە".
ئەمڕۆ بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی شۆڕش. د. شەماڵ جەبار یاوەر رایگەیاند " سارس لە سلێمانی بڵاوبۆتەوە"، ئەو هەواڵەش ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵک دروستکرد.