شاسوار عه‌بدولواحید: داهاتەكانم رادەست بكەن، ئەگەر ٣٠ رۆژ جارێك موچەم نەدا لە سێدارەم بدەن

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تەحەدای لێدوانەكانی بەرپرسانی حكومەت دەكات كە دەڵێن داهاتی هەرێم بەشی موچە ناكات و دەشڵێت" با تەواوی داهاتەكان رادەستی كەسانی شارەزا بكرێت لەژێر سەرپەرشتی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر هەموو ٣٠ رۆژ جارێک موچەمان نەدا ئەوا من لە سێدارە بدەن". 

 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن تەحەدای ئەو لێدوانانەی حکومەتی هەرێم و تەواوی بەرپرسانی حکومەت دەکەین تایبەت بەوەی دەڵێن داهاتی هەرێم بەشی موچە ناکات، ئەوانە ئەگەر راست دەکەن با داهاتی ناوخۆ و سنورەکان و نەوت تەسلیمی خەڵکانی شارەزا و دەرەوەی دەسەڵات بکەن لە ژێر ئیشرافی ئێمە و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن و خەڵکانی تەکنۆقرات بۆ ماوەی شەش مانگ(بە مەرجێک تەواوی داهاتی فەرمی و قاچاخ، نەوت و غەیرە نەوت بگرێتەوە)".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە" ئەگەر ئێمە بە بێ ئەوەی چاوەڕێی پارەی بەغداد بین، هەموو ٣٠ رۆژ جارێک موچەی فەرمانبەرانمان نەدا ئەوا با من لە سێدارە بدەن، وە من بەرپرسم بەرامبەر بە خەڵک و بە دادگا، ئەگەر هەمو مانگێک موچەی تەواومان پێ نەدرا با من لە سێدارە بدرێم".

 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستوەتەڕوو، یان حکومەتی هەرێم درۆ دەکات یان با بێت و ئەم قسەیەی ئێمە جێبەجێ بکات. 



PM:09:01:26/11/2020