وادەی بایكۆتی دەوام و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەنجومەنی فشار لە سلێمانی، لەبارەی دۆخی خراپی هاوڵاتیانەوە چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەرلەمان کرد و ڕایانگەیاند" ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت ناڕەزایەتییەکانیان فراوان دەکەن و دەیبەنە هەولێر". 

 

ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی فشار لە شاری سلێمانی لە بەردەم باخی گشتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند" وه‌ك ئاگادارن له‌ دوای ٢٩ ساڵ له‌ حوكمڕانی كوردی و به‌خشینی روبارێك خوێن و گیان به‌خشینی هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ به‌هۆی سته‌م و گه‌نده‌ڵی و نادادی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی له‌ كوردستاندا، خه‌ڵكی كوردستان خۆزگه‌ به‌ رابردوی تاڵ و ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌ ده‌خوازن كه‌ ئه‌نفال و كیمیابارانی كردون، دوای ٩ كابینه‌ی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك ژیانی خه‌ڵك سه‌ختر ده‌بێت، كاربه‌ده‌ستان و نه‌وه‌كانیان ده‌وڵه‌مه‌نتر و زاڵمتر ده‌بن، ئه‌و زوڵم و سته‌مانه‌ش پێمان ده‌ڵێن ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ كاتی گۆڕینیان هاتووە".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، پێویستە چیتر قه‌ده‌ری میلله‌ت نه‌درێت ده‌ست ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، تا به‌ئاره‌زوی خۆیان یاری به‌ چاره‌نوسی ئه‌م میلله‌ته‌ بكه‌ن، به‌رێزان كابینه‌ی نۆیه‌م كه‌ به‌ناو كابینه‌ی چاكسازی بو، له‌سایه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌دا ژیان به‌ته‌واوی تیایدا ئه‌سته‌م بو، موچه‌ بو به‌ خه‌ون و لێبڕین كرا به‌ده‌ستكه‌وت و ئازادیه‌كان به‌ته‌واوی به‌رته‌سك كراونه‌ته‌وه و شاره‌كان كراون به‌ سه‌ربازگه‌ و په‌رله‌مان بو به‌ باره‌گای حزبی و به‌ فه‌رمانی بنه‌ماڵه‌كان ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌‌.

 

باس لەوەشکراوە، كە لە سبەینێوە بایكۆتی سەرتاسەری لە دەوام دەكەن و داواشی لە فەرمانبەران لە زاخۆ تا خانەقین كرد، بایكۆت بكەن.

 

دەقی داواكاری ئەنجوومەنی فشار:
 
 
1- چارەنوسی سەرجەم زیندانیانی دهۆك و هەولێر دیاری بكرێت و ئازادبكرێن
 
2- مووچەی مووچەخۆران تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت و لە كاتی خۆی بێ لێبڕین دابەش بكرێت ، دەشڵێن ئەگەر موچەتان پێ دابین ناكرێت موچەی بندیوار و موچەخۆرە سێبەرەكان بدەنە حكومەتی ناوەند و بە ڕێكەوتنێكی شەفافانە و لە ڕێگەی كارتی بانكیەوە لە بەغدا موچە وەرگرین
 
3- داوا لە موچەخۆرانی زاخۆ تا خانەقین دەكەن بایكۆتی دەوام بكەن تا جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان
 
4- پەرلەمان پێویستە بانگێشتی سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی (دارایی،ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە)بكات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات ، گەر دۆخەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت با متمانەیان لێوەربگیرێتەوە ،داواشدەكەن پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێرێت و ئەگەر نا ئەو پەرلەمانە زیادەیەو لەئاست كێشەكانی هاوڵاتیانی هەرێمدا نیە.


PM:02:08:28/11/2020