سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ هێرش دەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی

دوێنی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ چەند تەلەفزیۆنێکدا، بافڵ تاڵەبانی بێ ئاگایی یەکێتی لە گرێبەستی نەوتی ٥٠ ساڵەی هەرێم و تورکیا راگەیاند، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش دەڵێت " ھەر بەرپرسێکی یەکێتی کاتێک دەڵین ئاگاداری گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت نین، ئەوا بۆ خۆیان و بۆ سومعەی سیاسیان لای خەڵک زۆر خراپترە وەک لەوەی کە بڵێن ئاگادارن".

 


د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " ھەر بەرپرسێکی یەکێتی کاتێک دەڵین ئاگاداری گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت نین، ئەوا بۆ خۆیان و بۆ سومعەی سیاسیان لای خەڵک زۆر خراپترە وەک لەوەی کە بڵێن ئاگادارن، چونکە ئەگەر ئاگادار بن ئەوا مانای ئەوەیە لە دەسەڵاتدا شەریکن و یەکێتیش نیوەی داهاتەکە دەدزن لەگەڵ پارتی".

 


سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەبارەی ئەگەری بێ ئاگای یەکێتیش دەڵێت " خۆ ئەگەر ئاگادار نەبن، ئەوا مانای ئەوەیە کە بەرامبەر پارەیەکی کەم شاگردی بۆ پارتی دەکەن و سەرباری ئەوەی ئاگاداری هیچ نین و دەسەڵاتی هیچیان نییە، کەچی هەر بەشدارن لە حکومەتەکەی پارتی بەبێ دەسەڵاتی".

 




کازم فاروق لە درێژی قسەکانیدا زانیاری ئەوە بڵاودەکاتەوە کە یەکێتی ئاگاداری گرێبەستەکەیەو دەڵێت " حەقیقەتەکە ئەوەیە کە لەناو یەکێتیدا هەموو بەرپرسەکانیان ئاگاداری هەموو شتن و بەشداریشن لە هەموو ئەو نەگبەتییانەی کە لە کوردستان ڕودەدەن و، کامەشیان راست دەکەن ئاگادار نین، ئەوا یان لە حکومەت بکشێنەوە یان لە حیزبەکەیان بکێشنەوە (ئەگەر دەسەڵاتی کشانەوەیان نییە لە حکومەت)، جگە لەمە هەرچی قسەی ترە بەتاڵە و یەک سودی نییە بۆیان".

 


سەرۆکی فراکسیۆن نەوەی نوێ لە کۆتایی پۆستەکەی دەڵێت" یەکێتی و گۆڕان لەم زۆنەدا یان دەبێت لە حکومەت بکشێنەوە، یان خەڵک رەحمیان پێناکات و لە کاتی تەقینەوەی دۆخەکە هەردوکیان وەک پارتی و وەکو دەسەڵات مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە لایەن خەڵکەوە"..

 


PM:02:45:29/11/2020