بۆ هەڵبژاردنی ئایندە د.نەجمەدین کەریم بە لیستێک بەشداری هەڵبژاردن دەکات

سبەینێ شەممە ژمارەیەک لە "هاوڕێبازان"ی نەجمەدین کەریم دروستکردنی لیستێک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.


  
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە  بەناوی "هاوڕێبازان"ی د. نەجمەدین كەریم، ئاماژە بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری دەکەن کە سبەینێ شەممە لە هەولێر سازدەکرێت، ئایندەی ئەو رەوتە رادەگەیەنن کە بەناوی " هاوڕێبازان "ی نەجمەدین کەریمەوە دەبێت و، لە بەرنامەیاندایە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن.
  


لەوبارەیەوە نەشوان جەلال، بەرپرسی پێشووی نوسینگەی د. نەجمەدین کەریم و نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی "ناس کورد"ی ڕاگەیاندووە "نە من و نە بنەماڵەی د. نەجمەدین هیچ پەیوەندییەکمان بەو کارەوە نییە و هەر ئەمشەو پەیوەندیمان بەو کەسەوە کرد کە ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی پاشگەزبێتەوە و بەناوی د. نەجمەدین کار نەکات."  

 


  وتیشی، "ئەو کەسەی ئەو بانگەوازەی بڵاوکردووەتەوە، پێشتر لەساڵی دەوروبەروی ساڵی 2014 بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کەرکوک لە دەستەی پاسەوانانی د. نەجمەدین بووە، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بەشێکیانمان ناردەوە بۆ سلێمانی و ئەم کەسە یەکێکە لەوانە کە لەدوای ناردنەوەی بۆ سلێمانی لە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دەوامی دەکرد."  


  هەروەها نەشوان جەلال وتووشیەتی"ئەو کەسە لە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن بەهۆی پابەندنەبوونی بە دەوامکردن و سەرپێچیکردن دەرکراوە و کۆتایی بە ڕاژەکەی هاتووە، ئێستا چووەتە هەولێر و دەیەوێت خۆی وەک چاودێرێکی سیاسی نیشان بدات و لەژێر ناوی د. نەجمەدین لیستێکی سیاسی دروست بکات بۆ بەرژەوەندی خۆی."  


  
نەشوان جەلال کە لەئێستادا نزیکە لە خێزانی د. نەجمەدین کەریم، جەختیکردەوە، "ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە خێزانی د. نەجمەدینەوە نییە و من بەناوی ئەوانەوە ئەو کەسەم ئاگاداراکردەوە کە لەو کارەی پاشگەزبێتەوە، بەڵام ئەو وتی، ئێمە بەناوی هاوڕێبازانی نەجمەدین کەریمەوە ئەو کارە دەکەین و ئازادین لەوە."  
بەوتەی نەشوان جەلال، ئەگەر سبەینێ ئەو کەسە ئەو کارە بکات ئەوا خێزانی د. نەجمەدین کەریم سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن و ڕێکاری یاسایی لە دژی دەگرنەبەر
  


د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک ٣١ ی تشرینی یەکەم  لە ئەمەریکا  لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.  

 


PM:09:21:04/12/2020