وەزارەتی رۆشنبیری دوای داخستنی کەناڵەکە فەرمانی داخستنی رادەگەیەنێت

دوای راگرتنی پەخشی کەناڵی NRT لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە بە چەند کاتژمێرێک، وەزارەتی رۆشنبیری راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوەو فەرمانی راگرتنی کەناڵە رادەگەیەنێت، هۆکەشی رادەگەیەنێت کە پابەند نەبووە بە رێنوماییەکانی رێکخستنی بواری میدیای بیسترا و بینراوەوە.

لەو راگەیاندنەی وەزارەتی رۆشنبیریدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، هاتووە" فەرمانی كارگێڕی لەبەر پابەند نەبوونی كەناڵی NRT1 بە رێنمایی تایبەت بە رێكخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، بەتایبەتی هەڵسوكەوتكردنی نابەرپرسانەی لەم كاتەدا كە دوورە  لەیاسا و لۆژیك و پێچەوانەی ماددەی سێیەم/بڕگەی سێیەمە لەرێنمایی رێکخستنی فریکوینسی سپەیس لەهەرێمی کوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەفزیۆن و رادیۆ)، دوای ئەوەی چەندین جار ئاگاداركراوەتەوە لەبێباكیان لەچەندبارەبونەوەی سەرپێچییەكان، پاڵپشت بە رێنمایی ئاماژەپێكراوی سەرەوەو گشت بڕیار و یاساکانی تری پەیوەست بەم پرسە، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی كەناڵی NRT1 بۆ ماوەی یەك هەفتە".

بەپێی راگەیاندەراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری بەم شێوەیەیە دەبێت" راگرتنی پەخشی ئاسایی كەناڵی یەكەمی NRT بەهەموو جۆرە پەخشەكانیەوە (پەخشی سەتەلایت، پەخشی DVBT، پەخشی ئۆنلاین). - لەبری پەخشی ئاسایی پێویستە بۆ ماوەی یەك هەفتە، بەچاپكراوی لەسەر سكرینی تەلەفزیۆنەكەیاندا هەواڵی راگراتنی پەخشی ئاساییان وەكو خۆی بە پیتی گەورەو سپی لەسەر سكرینی رەشدا بڵاوبكەنەوە. (لەگەڵ ئەم فەرمانەدا دەقەكەی هاوپێچكراوە).
- پێویستە كەناڵەكە لەكاتژمێری 11.30ی  دووشەممە رێكەوتی 7/12/2020 پەخشی ئاسایی رابگرێت تاكو كاتژمێر 11.30ی یەکشەممە رێككەوتی 13/12/2020.".

 

 
هەروەها لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا کە بەناوی شێروان عولا خورشیدەوە بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بلاوکردنەوە بە وەکالەت هاتووە " لەباری جێبەجێنەكردنی ئەم فەرمانە، بەپێی رێنمایی و رێكارە یاساییەكان، كەناڵەكە رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورستر دەبێتەوە".

 


AM:11:45:07/12/2020