جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی پەیامێکی بڵاوکردەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت" داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە تەنها دەنگی هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانی وەک خۆی گواستوەتەوە هەوڵێکی دیکەیە بۆ بێدەنگ کردنی خەڵکی کوردستان". 

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ (سپی) نێردراوە باس لەوەکراوە، داخستن و هەڵکوتانەسەر دامەزراوەی میدیایی نالیا و کەناڵەکانی (ئێن ئاڕ تی) دەرخستنی ئەو راستییەیە کە ئەم دەسەڵاتە هەر رۆژە و ناشیریینەکی تر دەخاتەسەر خەرمانی ناشیریینییەکانی تری رابردووی. هەروەها هەموو ئەو بانگەشە پووچانە بەدرۆ دەخاتەوە کە هەیەتی و باسی دەکات تایبەت بە ئازادیی رادەربڕیین و کاری میدیایی. 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تەنها تاوانی ئێن ئاڕ تی لە رابردوو و لەئێستاشدا ئەوەیە کە کاری پیشەیی خۆی ئەنجام داوە و دەنگی خەڵک و هاوڵاتییانی گواستۆتەوە.تەنانەت دەنگی ئەوانەشی گواستۆتەوە کە ئەمڕۆ ئێن ئار تییان داخستووە، ئەمەش یەکەمجار نییە بەوشێوە نایسایی و ناشیرینە پەلاماری کەناڵەکە بدرێت، بەڵکو لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوی کارکردنی کەناڵەکە چەندین جارو بە چەندین شێواز هێرش کراوەتە سەر ئەم کەناڵە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لەم سۆنگەیەوە بۆ رای گشتیی و خەڵکی ئازیزی خۆمانی رادەگەیەنین کە دژی هەمو بەرتەسککردنەوەیەکی ئازادی رادەربرینین و دژی فشارخستنە سەر میدیاین، وە پێمان وایە کە ئەم دەسەڵاتە بەم هەنگاوانەی زیاتر لە مەرگی سیاسیی نزیک دەبێتەوە و ناتوانێت تەمەنی خۆی لەڕێی داخستنی کەناڵ و میدیاوە درێژ بکاتەوە، چونکە کۆتاییهاتنی ئەم دەسەڵاتە کارێکی حەتمییە.

 

جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت" ئەم هەنگاوانە نە دەنگی ئازادیخوازان کپ دەکات و نە شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک کەم دەکاتەوە. بەڵکو دەنگی ئازادیخوازان زیاتر یەک دەخات بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم ستەم و زوڵمەی لەسەر هاوڵاتییان هەیە". 



PM:01:08:07/12/2020