دوو کچی مێردمنداڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

دوو کچی مێرمنداڵ لە گوندەکانی دەورووبەری شاری ئورمیە ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە (١٠ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، کچێکی ١٥ ساڵە خەڵکی گوندی (کانێ ڕەش) بە ناوی ڕووناک عەزیزوەند، خۆی سووتاند و کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕووناک عەزیزوەند لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی (شکڵ ئاوا)ی مەرگەوەڕی ئورمیە بە ناوی ئومێد مەحموودیان ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و بە هۆی کێشەی خێزانی و ناکۆکی لەگەڵ هاوژینەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

نەبوونی پشتوانیی یاسایی و قەدەغە بوونی ڕاشکاوانەی هاوسەرگیریی مناڵان لە یاساکانی ئێراندا بووەتە هۆی قورستر بوونی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بۆ مناڵانی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ شەممە کچێکی ١٦ ساڵەی خەڵکی گوندی باوانی ئورمیە، بە ناوی (زەهرا ئیسماعیلی) بەهۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی سووتاند و گیانی لە دەست دا.

PM:09:08:12/12/2020