داوا دەکرێت وەزارەتی رۆشنبیری دەست لە فشارهەڵگرتن بۆ سەر میدیاکان هەڵگرێت

وەزارەتی رۆشنبیری بەردەوامە بە رێنوماییەکانی سزای کەناڵەکان بدات و فشار بخاتە سەریان، سەنتەری میترۆش داوا دەکات ئەو وەزارتە دەست لە فشارەکانی هەڵگرێت.

لە راگەیەندنێکدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان دەڵێت " سەنتەری میترۆ داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات دەست هەڵگرێت لە فشارو هەرەشەی "سزای توند" لە كەناڵەكانی سپێدە و پەیام و روداو ، بریاری راگرتنی پەخشی كەناڵی ئین ئارتی هەڵبوەشێنێتەوە".


دەقی راگەیاندنەکەی سەنتەری میترۆ..

وەزارەتی رۆشنبیری هەرەشەی "سزای توند" لە سێ كەناڵ دەكات

سەنتەری میترۆ داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات دەست هەڵگرێت لە فشارو هەرەشەی "سزای توند" لە كەناڵەكانی سپێدە و پەیام و روداو ، بریاری راگرتنی پەخشی كەناڵی ئین ئارتی هەڵبوەشێنێتەوە. 

ئەمڕۆ بە دوو نوسراوی جیاواز و یەك ناوەرۆك، بە ئیمزای شیروان عەوڵا خورشید، بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بە پشتبەستن بە رێنمایی ژمارە (1) ساڵی (2014) تایبەت بە (رێكخستنی فریكوینسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان)، ئاگادارییان بۆ هەر سێ  كەناڵی (روداو) (پەیام) و ( سپێدە) ناردووە.

لە "ئاگاداركردنەوە" كەیاندا دوایان كردووە كە ئەو كەناڵانە خۆیان "بە دوور بگرن لە پەخشكردنی دیمەنی توندوتیژی و سوتاندنی بارەگای حزبی و فەرمانگە حكومییەكان و هاندانی راستوخۆ یان ناراستوخۆی بینەران بۆ توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی و تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی. بە پێچەوانەوەی "ناچارین رێكاری یاسایی توند بەرامبەر كەناڵ سەپێچیكارییەكانتان بگرینەبەر".

پێشتریش لە بەرەبەیانی دووشەممە 7ی كانونی یەكەم بە بڕیاری هەمان لایەنی رەسمی هێزێكی ئەمنی چوونە سەر بارەگای سەرەكی كەناڵی ئێن ئارتی لەشاری سلێمانی و پەخشی كەناڵەكەیان راگرت. هێزەكە قفڵیان لە كەناڵەكەداوەو لەبەردەم كەناڵەكەدا جێگیركراون و بەشێك لە كەلوپەلەكانیان بردووە و بەشێكی دیكەشیان شكاندووە، پاشان بریاری، داخستنەكەیان بۆ ماوەی هەفتەیەكی تر درێژكردەوە.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت ئەو رێوشوێنانە پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەگەرییەو نابێت بڕیارو رێنمایی پێچەوانەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بن.
سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا ئەم فشارانە رەتدەكاتەوە، داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات دەست هەڵگرێت لە فشارو هەڕەشە بۆ سەر كەناڵەكانی (روداو، سپێدە، پەیام) هەروەها بریاری راگرتنی پەخشی كەناڵی ئین ئارتی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو راستییە سادەیە بزانێت كە رێنماییەكانی وەزارەت نابێت پێچەوانەی یاسا بن.

هاوكات سەنتەری میترۆ لە رێگەی هاوبەشەكانی لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، كار بۆ ناردنی نامەیەكی ناڕەزایەتی دەكات بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاندانیان بۆ پاراستنی ئازادی كاری رۆژنامەنوسی و بەرگرتن لە رێوشوێنەكانی بەرتەسكردنەوەی ئازادی بیروراو میدیا.

 


PM:08:19:13/12/2020