قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی گفتوگۆكانی نێوان وەفدی هەرێم و حكومەتی عێراق ئاشکرادەکات

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق شكستی نەهێناوە و ئەوان لەبەغدا تا دەگەنە ئەنجامێك". 

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی وەفدی دانوستانی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری بەغدا رایگەیاند" لە گفتوگۆكاندا ئێمە ئامادەكاری خۆمان دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراق كە خۆی لە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیدا دەبینێتەوە".

 

وتیشی" لە ئێستادا چاوەڕێی حكومەتی عێراقین وەڵاممان بداتەوە كە لەبەرامبەر ئەوەدا بەشی هەرێمی كوردستان چەند دەبێت".

 

رەتیشیدەكاتەوە كە گفتوگۆكان شكستیان هێنابێت و دەڵێت" لێرە و لەوێ دەبیستین گوایە گفتوگۆكان شكستی هێناوە، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامە تا بگەینە ئەنجامێك، ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی مووچەخۆران، نەهاتووین بۆ خێر، یاسایەك دەرچووە و هاتووین ئەو یاسایە جێبەجێ بكەین".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، كه‌شی سیاسی له‌ عێراق ئاڵۆزه‌ به‌رو هه‌ڵبژاردن ده‌رۆین، بۆیه‌ فشار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز ئاڵۆزتركراوه له‌به‌ر ئه‌م كه‌شه‌ سیاسییه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ داوا له‌هه‌مولایه‌ك ده‌كه‌ین ئارام بگرن و دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ له‌ به‌غداین بۆ حه‌قی هه‌رێمی كوردستان و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و دڵنیاشم ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتوو.



PM:08:56:14/12/2020