پارێزەر و کەسوکارەکەی بۆ یەکەمجار چاویان بە بەدەل بەراوری دەکەوێت.. سپی زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢١  ی کانوونی یەکەم پارێزەران و کەسوکارەکەی، چاویان بە مامۆستا بەدەل بەرواری چالاکوانی مامۆستایانی دهۆک کەوتووە، ماڵپەڕی " سپی میدیا " زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە.

 

ئاسۆ هاشم پارێزەری بەدەل بەرواری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی سپی، رایگەیاند " ئەمڕۆ بۆ ماوەی نیو کاتژمێر کەسوکاری بەدەل بەراوری و پارێزەر ئیسماعیل ئیبراهیم ناسراو بە ( کرێکار ) چاویان بە مامۆستا بەدەل بەراوری کەوتوووە لە دۆخی تەندروستی  و ژیانیان پرسیووە".

 

ئەو پارێزە کە لەگەڵ پارێزەر کرێکار، هەردووکیان لەبەردەم دادگادا کاری پارێزەری بۆ بەدەل بەراوری دەکەن، ئەمڕۆ ئاسۆ هاشم لەبەرئەوەی پێناسی پارێزەری هەڵنەگرتووە دەرفەتیان پێنەداوە بەدەل بەراوری ببینێت، بەلآم هاوڕێکەی کرێکار و کەسوکارەکی بینیوویانەو تەنها بوار دراوە پرسیار لە دۆخی تەندروستی بکرێت.

 

ئاسۆ هاشم ئەماژەی بۆ ئەوە کرد کە بینی بەدەل بەراوری کاتژمێر ١٠ ی ئەم بەیانییە لە ئاسایشی گشتی لە هەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لەژوورێکی چوار بەچواردا زیندانە.

 

ئاسۆ هاشم وتیشی " بەدەل بەرواری تا ئێستا دووجار براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە".

 

هەردوو پارێزەرەکە نوسراوی فەرمیان ئاراستەی دادگاو ئاسایش کردووەو چاوەڕوانی رەزامەندی پێشاندانن، تا دەست بەکاری یاسایی خۆیان وەک پارێزەر لە بەدەل بەرواری لە بەردەم دادگادا بکەن.

 

لە دوو رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکی ناراست لەسەر گیان لە دەستدانی بەدەل بەراوری بڵاوکرایەوە.

 

رێگادان بەبینینی بەدەل بەراوری دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر پارێزەرەکانی لە رێگای رێکخراوێکی نێو دەوڵەتییەوە زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤیان لە هەرێمی کوردستان بینیووەو ئەو لای خۆیەوە دوای تێپەڕبوونی یەک هەفتە توانیوویەتی کات بۆ بینینی بەراوری دیاری کراوە.

 

بەدەل بەراوری لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، بەتۆمەتی سازدانی گردبوونەوە لە دژی دواکەوتنی مووچەو چاککردنی دۆخی مامۆستایان.

 

 



PM:09:06:21/12/2020